دوای هەوڵدانیان بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی، لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی ژمارەیەک خاوەن زەوی دەداتەوە
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی ئەمرۆ دووشەممە 30ـی 6ـی 2025، ژمارەیەک خاوەن زەوی هەوڵیاندا گردببنەوە و پەیامێکی نارەزایی دژی رێگەنەدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە 'بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە'، رێگرییان لێکرا و بەشێکیان دەستگیرکران.
لە راگەیەندراوێکدا، خاوەنی ئەو زەویانە دەڵێن: "ئێمە زیاتر لە 203 خاوەن زەوی لە زەوییەکانی (ئێنەکانی) ڕاپەرین، ماوەی 6 ساڵە کۆمپانیایەک هەیە کە ناهێڵێت زەوییەکانمان بکەین بە خانوو لەکاتێکدا لەساڵی 2019ـەوە فۆڕممان هەیە، بەڵام ئەچینە هەر فەرمانگەیەک و وەزارەتێک سەرەتا پشتمان ئەگرن کاتێک کۆمپانیا ئاگادارئەکەنەوە بریارەکان پێچەوانە دەبنەوە."
دوای گردبوونەوەی خاوەن زەوییەکان، نوسراوێکی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی لە بارەی زەوی بێ مۆڵەت و زیادەڕۆوە بڵاوکرایەوە و تێیدا واژۆی دادوەر مەهدی رەشید فەرەج، بەرێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی لەسەرە؛ کە ئاراستەی هەریەک لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان/سلێمانی کردووە، تێیدا داواکارە، "رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە زیادەڕۆییان کردووەتەوە سەر موڵک و زەوی و زاری دەوڵەت".
لە نوسراوەکەدا کە ئاراستەی قائیمقامییەتی سلێمانی کراوە، ئەم چەند خاڵە خراوەتەڕوو:
یەکەم: ئەگەر زەوییەکان زیادەڕۆیی کراوەتە سەریان، ئەوا پێویستە بەپێی ماددەی (5) لە یاسای رێگری لە زیادەڕؤیی و لابردنی لەسەر زەویی و زار و موڵکی دەوڵەت ژمارە 3ـی ساڵی 2018 رێککاری یاسایی بگیرێتە بەر بۆ لابردنی زیادەڕؤییەکان، وە ئەگەر زیادەڕۆکار زیادەرۆییەکەی لانەبرد، ئاگادارمان بکەنەوە تا رێکاری یاسایی لە دژی بگرینەبەر.
دووەم: ئەگەر زەوییەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە زانیاری پێویست دەربارەی ناوی کڕیار و فرۆشیارەکان کۆبکرێتەوە وە ئاگادارمان بکەنەوە تا بتوانین رێکاری یاسایی لە دژیان بگرینە بەر.
سێیەم: ئەگەر پێشتر سکاڵای سزایی لەو بارەیەوە تۆمارکراوە وە لەبەر هەر هۆکارێک سکاڵاکە دواخراوە ئەوا پێویستە لایەنی خاوەن موڵک خۆی داوای مەدەنی لەو بارەیەوە لە دادگای تایبەتمەند تۆمار بکات بۆ کاری پێویست و ئاگادارکردنەوەمان لە ئەنجام.

PM:12:18:30/06/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت