قوباد تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا: هەرێم کاتێک دەتوانێت گەشەسەندوو و بەهێز بێت کە لە بەغدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت


وێستگەنیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە تیایدا ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرا. هەردوولا هیوایان خواست لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست ناوچەکە سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت و هەموو کێشە و ململانێیەکان بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زیاتر هاوکاربێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئاماژە بەوەدراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بە تایبەتیش باس لە کێشەی موچەخۆرانی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی کوردستان رایگەیاند ناکرێت موچە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت. وتیشی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێکی حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێم بکات و هیوای خواست بتوانرێت کێشەی موچە چارەسەر بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، "هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق پێکەوە دەتوانن گەشە بکەن و گەشەسەندنی هەر بەشێک لە عێراق لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدایە".

روونیشی کردەوە، "هەرێمی کوردستانیش کاتێک دەتوانێت گەشەسەندوو و بەهێز بێت کە لە بەغدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و بتوانین لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین".


PM:07:06:25/06/2025










ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو