ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دڵنیایی دەدەین بە مووچەخۆران مافەکانیان نافەوتێت، لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ تا دەگەینە چارەسەر
وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئاماژەمان بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەری بەڕێز سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ ، هەروەها پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئاماژەی بەوەکراوە، "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، لە ڕاپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا ، وەزیری دارایی فیدراڵ ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی".
باس لەوەشکراوە، "وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان ، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمە".
ئەوەشی خستەڕوو، "پاشان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێزانینمان بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی سەختی داراییدان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتیيان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییش دەدەین کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش ، بڕیارە شاندێکی حکومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات".
ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، "لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانەسروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە".
ئاماژە بەوەدراوە، "ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران، بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".
ئەوەشخراوەتەڕوو "سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابووریش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات وخەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتیە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن".
PM:05:56:25/06/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت