حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: بارودۆخ بۆ نەدانی مووچە سەقامگیرە بەڵام بۆ ناڕەزایەتی نالەبارە


وێستگەنیوز_

کۆمیتەی سلێمانی/حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی رێگری لە خۆپیشاندان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "بارودۆخ بۆ نەدانی مووچە سەقامگیرە بەڵام بۆ ناڕەزایەتی نالەبارە!، هێزە ئەمنییەکانە دەیانەوێت خەڵک بترسێنن".

لە راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هاتووە، "بە دوای ئەوەدا کە مامۆستایان و مووچەخۆرانی شاری سلێمانی بڕیار و هەوڵیان دا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی پێنج شەممە 26ـی 6دا، بەرامبەر بە نەدانی مووچەی مانگی 5 و 6، لیژنەی ئەمنی پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لەبەیاننامیەکدا داوا لە ناڕازیان ئەکات کە خۆپیشاندان نەکەن و هەڵیبگرن بۆ کاتێكی سەقامگیرتر!".

دەشڵێت: "ئامانجی سەرەکی ئەم ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی کە بە ناوی هەستیاری دۆخەکەوە دەیانەوێت خەڵک بترسێنن، ئەوەیە پێش بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بگرن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵەهای ساڵە ئەم دەسەڵاتە لەژێر ناوی قەیرانی ئابووری و هەبوونی بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش و ململانێی سیاسی خۆیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەنددا، مووچە و قوتی خەڵک ئەبڕن و باکیان بە برسێتی و گرانی و نەبوونیەک نەبووە کە بەسەر شانی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆرانەوە بووە. هەرچی هەم و غەمی ئەم دەسەڵاتەیە ئەوە بووە کە چۆن پارەوپولی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ خۆیان هەڵلوشن و کۆشک و تەلارەکانی خۆیانی پێبڕازێننەوە و کۆمپانیاکانیانی پێ گەورەتر بکەن". 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "نەدانی مووچە و یاخود لێبڕین و نیوەمووچە و چارەکە مووچەشیان کردووە بە نسیبی موچەخۆران. ئێستاش کە بیانووی هەبوونی جەنگ و فەزای جەنگی هەیە، باشترین پاساوێکە کە کەوتووەتە دەستیان تاکو بەمجۆرە خەڵکی توڕە دابمرکێننەوە و ڕێ لە ناڕەزایەتیەکانیان بگرن."

حیزبی کۆمۆنیست دەشڵێت: "ئەم ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی سلێمانی تەواوکەری کار و بەرنامەی دەسەڵاتە کە ناهێڵێت خەڵک بە گشتی و مامۆستا و فەرمانبەران دەنگ بەرامبەر بە بێ مووچەیی و بێ مافیەکان هەڵببڕن. جەنگ و میلیتاریزم نە بڕیاری خەڵکی کوردستانی لەسەرە و نە هەڵبژاردەی ئەوانە ئیتر بۆچی بەو بیانوە دەست لە هەڵبڕینی دەنگی ناڕازایەتییان هەڵبگرن؟! بەتایبەتی کە لە ئێستادا ئاگربەست لەنێوان لایەنەکانی جەنگدا ڕاگەیەندراوە. ئەگەر لیژنەی ئەمنی وەک خۆی دیعایە ئەکات کە دەنگی ناڕازی ئەگەیەنن بە دەسەڵاتداران لە کوردستان و ناوەند و ئەگەر ڕاست ئەکەن کە بە شوێن سەقامگیری ناوشار و خۆپیشاندەرانەوەن، با بفەرمون ڕێ لە هەر شێواندن و ناسەقامگیریەک بگرن کە بیانەوێ ئامانجی ناڕازییان و خۆپیشاندەران بشێوێنن."

"ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ئەم هەڵوێست و ڕاگەیاندنەی لیژنەی ئەمنی ڕەت ئەکەینەوە و لەپاڵ مامۆستایان و موچەخۆرانی ناڕازیدا ڕائەوەستین و پشتیوانی بێدرێغ لە داواکانیان بۆ بەدیهاتنی مووچە لە کاتی خۆیدا و باشبژێوییان ئەکەین. مامۆستایانی ناڕازی مافی بێمەلاولای خۆیانە هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکی گونجاوی خۆیان ئەنجام بدەن بە خۆپیشاندانیشەوە و لیژنەی ئەمنی و دەسەڵاتدارانی شاریش نەک نابێ ڕێگەبگرن لێیان، بگرە پێویستی ئەمنیەت و ئاسایشی خۆپیشاندەران و شار لە ئەستۆ بگرن. ئەگەر نا، ئەم هەڵوێستەیان لە خانەی سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیاندا ئەنووسرێت". راگەیەندراوەکە وا دەڵێت.


PM:12:56:25/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو