مەسرور بارزانی: هیوادارم لەم چەند رۆژەدا بگەینە چارەسەری کۆتایی کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرن بۆ گفتوگۆی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە.
 
ئەمرۆ چوارشەممە 25ـی 6ـی 2025، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سوپاسی گەرمی هەموو هاوڵاتیان و مووچەخۆران دەکەم کە زۆر پشودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەوەی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا مووچەکانیان نەدراوە. 

مەسرور بارزانی خەڵکی کوردستانی دڵنیاکردەوە "ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە، هیوادارم لەم چەند رۆژەدا بگەین بە ئەنجامێکی ئەرێنی و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆران دابین بکرێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بین حکومەت هەرچی لە توانایدا بێت لە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەبێت".

مەسرور بارزانی دەڵێت: "پشتیوان بە خودا، ئەم قەیرانە بەرەو کۆتایی دەڕوات و پشتیوانی خەڵک؛ هێزی ئێمەیە. پشتگیری خەڵکە وایکردووە ئێمە بەردەوامبین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمەش بەردەوام لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری قسەم کردووە. لەم یەک دوو رۆژەدا شاندێک دێنە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گرفتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

بە وتەی سەرۆکی حکومەت، "بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە و حکومەتی عێراق قەرەبووی نەکردووەتەوە. 

سەبارەت بە گرێبەستییە نەوتییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و بەغدا، مەسرور بارزانی وتی: "ئەو رێککەوتنانەی لە ئەمریکا واژۆمان کرد، بە مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان دەزانین. پێشتریش ئەم رێککەوتنە لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە هەبوون بەڵام نەیانتوانی کارەکانیان بکەن و دواتر گرێبەستمان لەگەڵ دوو کۆمپانیای نوێ ئەنجامدا. هەردوو کۆمپانیاکە زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ شتێکی نایاسایی تێدا نەبووە."

سەبارەت بە دەستوەردانەکانی حکومەتی فیدراڵیش باسی لەوەکرد، "دادگای فیدراڵی کاتێک دەستێوەردانیان لە پرسی مووچە کرد، کە هەندێک لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سکاڵایان تۆمارکرد و داوایان کرد بەغدا راستەوخۆ دەستێوەردان لەم پرسە بکات. ئێستاش چاوەروانین ئەنجوومەنی دادوەری چارەسەرێک بۆ پرسی مووچە بدۆزێتەوە چونکە وەک دەبینین دادوەر و ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هاتنی شاندێکی باڵای فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە بێن و بڕیارێکی ئەرێنی بدەن لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان."

وتیشی: "ئەگەر بەغدا و هەرێم نەگەنە رێککەوتن، ئەوا  سەخت دەبێت، چونکە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، وایکردووە داهاتی هەرێمی کوردستان کەم ببێت. بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناهێنین. بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە بچین سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ، خۆمان بە خاوەنی دەسەڵات دەزانین و دەشبێت هەموومان یەکسان بین و مافەکانمان دەستەبەربکرێت".

بە وتەی مەسرور بارزانی: "خاڵی ناکۆکی لەبارەی پرسی کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە، داوای دابینکردنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتەکە دەکەن، لە هەرێم دەرهێنانی نەوت لەگەڵ بەغدا جیاوازە. لە هەرێمی کوردستان بابەتی قەرز، دەرهێنان، گواستنەوەی نەوت، مافی کۆمپانیاکان و سوودەکانیان و شێوازی بەرهەمهێنان جیاوازە، هەر بۆیە خەرجی هەرێمی کوردستان و تەنانەت جۆری نەوتەکەش زۆر جیاوازە. کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن و دەبێت حکومەتی فیدراڵ گەرەنتی تەواوەتی بدات".

دووپاتیشیکردەوە کە، "خانەنشینان مافی خۆیانە و سوپاسی پشوو درێژییان دەکەم، ئیشەڵا لە کاتێکی نزیکدا، هەموو ئەو مووچانەی پێیان نەدراوە، پێیان دەدرێت."

هەروەها "ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوتین، ئەوکات هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و ئێستا کاتی باسکردنی ئەوە نییە کە هەڵبژاردەکانی بەردەممان چی دەبن".

سەبارەت بە پرسی تەوتین، مەسرور بارزانی وتی: تەوتین هەر پرۆژەی هەژماری من'ـە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە هیوادارین هەموو عیراق چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن، نەمانهێشتووە هیچ بانکێکی رێگە پێنەدراو بێنە ناو پرۆژەی هەژماری من."

ئاشکراشی کرد، "لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆچوونێکی هاوبەشمان هەیە لەسەر چۆنییەتی بەرێوەبردنی حکومەت، هەرچەندە پێکهێنانی حکومەت زۆری پێچووە، بەڵام هیچ بۆشاییەکی یاسایی ڕووینەداوە. ئەوەی هەیە تەنها هەندێک بۆچوونی جیاوازە لەسەر پۆستەکان و چارەسەر دەکرێن."

https://westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=145390&Jor=1


PM:12:29:25/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو