بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتى مووچە کۆببێتەوە
وێستگەنیوز_
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و بڕیار لەبارەى چارەسەرکردنی گرفتى مووچەوە بدات.
بەپێى زانیارییەکانى وێستگەنیوز، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی 6ـی 2025، کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەبچێت و پرسى سەرەکیی کۆبوونەوەکەش چارەسەرکردنی گرفتى مووچەى مووچەخۆران دەبێت.
سەرچاوەیەک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیار لەبارەى خەرجکردنى مووچەى مانگى ئایار و دابەشکردنی بدات بەڵام بە شێوەی لێبڕین."
هاوکات، دیار نییە بڕی لێبڕینەکە چەند دەبێت و دەوترێت هۆکارەکەی ئەوەیە، مووچەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت".
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی ووردی لەبارەی داهاتی ناوخۆ ئامادە کردووە بۆ پێشکەشکردنی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا.
مانگى رابردوو کێشەیەکی نوێ بەرۆکی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرت، کاتێک وەزارەتى دارایی عێراق بڕیاریدا پارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان رەوانە نەکات، بەهۆى تەواوبوونى پشکى هەرێمەوە لە بودجەى سێ ساڵەدا.
لەماوەى رابردووشدا چاوەڕوان دەکرا دادگاى باڵاى فیدراڵى کە چەند داوا و سکاڵایەکى سەبارەت بەو کێشەیە رووبەڕوو کرابووەوە، فەرمان سالارییەک بۆ چارەسەرى گرفتەکە دەربکات، بەڵام دەست لە کار کێشانەوەى بەکۆمەڵى نۆ دادوەرى دادگاکە، ئەو هەنگاوەشى پەکخست.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگى حوزەیران نزیکدەبینەوە و هێشتا مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان مووچەى مانگى ئایاریان وەرنەگرتووە.
AM:09:02:25/06/2025
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت