لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی: ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە
وێستگەنیوز-
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەکات خۆپیشاندانەکەی رۆژی پێنجشەممە دوابخەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان؛ بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛ دەردەبڕین و، باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین؛ کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو".
ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 26ی حوزەیرانی 2025، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە سلێمانی دژی دابەشنەکردنی مووچە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
PM:01:17:24/06/2025
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت