بەرێوەبەری خانەنشینی هەرێم بۆ موسەننا ئەمین: کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن؛ ئێوە وەرگێڕی ئەوانەن کە خەڵکییان بێ مووچە کردووە
وێستگەنیوز_
مریەم عوسمان، بەرێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ پەرلەمانتاری یەکگرتوو موسەننا ئەمین بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەی کردووە و کاتێک هاتووەتە ژوورەوە یەکەم قسەی ئەوە بووە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە!".
مریەم عوسمان لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت: "وەک بەرچاوڕوونی بۆ كاک موسەننا و هاوسەرەکەی کە تەهدیدی کارمەندەکانمی کردووە، یەکەم من کەسێکی ئیشکەر و خزمەتگوزارم و ئەوکاتەی بۆ پێشوازی و ڕەسمگرتن و خۆنواندنی بەڕێزت دەیکوژم، دە/پانزە فایلی خەڵکی هەژار و خانەنشینی پێ تەواو دەکەم."
"دووەم، تۆ پەرلەمانتاری عێراقیت و تەنانەت ئەگەر نیەتیشت بێت کە نەتبووە! بۆ بەدواداچوون بۆت نییە بێیتە لای ئێمە، ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان مەسئولین و دەرگامان کراوەیە ئەویش بە ڕێوشوێنی پەرلەمانی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردووە، وەکو دیکەش جەنابت و هەر کەسێکی دیکە لای ئێمە وەک یەکن واستە و مەحسوبییەت لەلامان ناخوات". بەرێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە موسەننا ئەمین دەڵێت: "کاری خێزانی و شەخسی خۆتان بە کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن و لەدیدی ئێمەوە وەرگێڕی(موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێ مووچە کردووە، ژنێکی بەتەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەک لە خزمەت و بەدەمەوە چوونی ئێمە ڕازی بن، کە بەسەرچاو خزمەتییان دەکەین، بۆمان گرنگ نییە وەرگێڕێکی مووچەبڕان چۆن قسەمان لەسەر دەکات".
PM:04:27:22/06/2025
ئهم بابهته 2328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت