هەڤاڵ ئەبوبەکر: ماوەی 10 ساڵە لە سلێمانی ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمیمان هەیە


وێستگەنیوز-

پارێزگاری سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ماوەی 10 ساڵە لە سلێمانی ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمیمان هەیە".


ئەمڕۆ هەینی 20ی حوزەیرانی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ، دەستەى چاودێریى ئەتۆمیى عێراقى، لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، کە لە ئەگەرى هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، پشکنین بۆ گەیشتنى کاریگەریی تیشکدانەوەکان لە عێراقدا، دەکرێت و ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانیان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق داناوە، لەم بارەیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پەیوەندییان پێوەکردوین کە ئایا ئامێرێکی لەو شێوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوە؟".

ئاماژەی بەوەکرد، "لێرەوە بۆ هەموو لایەکی رووندەکەینەوە کە لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە لەسەر ئەرکی حکومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی دابینکراوەو بە سوپاسەوە بەبەردەوامیی تیمی پسپۆڕی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی چاودێریی و پشکنین و کاریپێدەکات و لە ئێستاشدا بەهۆی ئەم دۆخانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەردەوامن لەسەر ئەرک و کارەکانیان و تا ئێستا هیچ ئاماژەو مەترسییەکی تیشکدانەوەیان تۆمارنەکردووە، ئەم روونکردنەوەیە بۆ دڵنیاکردنەوەی هەمووانە، نەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ".


PM:09:14:20/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت