فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق: لە 2024دا 123.2 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەبوون
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ 20ی حوزەیران لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ئاماری پەنابەرانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە بێت لە ساڵی 2024دا 123.2 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی گۆشەگیری، ململانێ، توندوتیژی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و رووداوەکانی تێکدانی نەزمی گشتی بە شێوەیەکی زۆرەملێ ئاوارەبوون.
هەر وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2024دا لانیکەم هەشت هەزار و 938 پەنابەر لەسەر رێگاکانی پەنابەر لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی/ لقی کوردستان:
ئاماری پەنابەران لە جیهاندا:
تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، ١٢٣.٢ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی گۆشەگیری، ململانێ، توندوتیژی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ڕووداوەکانی تێکدانی نەزمی گشتی بە شێوەیەکی زۆرەملێ ئاوارە بوون..
ئامارەکانی ژیان لەدەستدانی پەنابەران:
لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم هەشت هەزار و ٩٣٨ پەنابەر لەسەر ڕێگاکانی پەنابەر لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بووەتە کوشندەترین ساڵ کە تۆمارکراوە.
ئاماری داوای پەنابەری لە ولاتەکان:
بەریتانیا:
لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە ١٦ هەزار کەس بە بەلەمی بچووکەوە کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٤٢% زیادیکردووە.
لەساڵی ٢٠٢٤ وە ٤هەزارو ٧٢٣ پەنابەری عێراقی داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
ئاماری ژیان لەدەستدان:
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پشتڕاستیان کردەوە کە ١٥ پەنابەر لە دەریادا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە.
تازەترین قوربانی پەنابەرێکی عێراقی تەمەن ٤٠سال بوو کەلە ١٨/٤/٢٠٢٥دا کاتیک بەچوپەکەیان گەیشتوتە بەریتانیا لەڕیگە بەهۆکارێکی نادیار جەڵەدە لیداوە ژیانی سپاردوە.
لە ٢٠/٦/٢٠٢٤تا٢٠/٦/٢٠٢٥ ئۆفیسی فیدراسیۆن لەلەندەن هاوکاری ٤٦٥پەنابەری کردوە کە روویان لە ئۆفیسی فیدراسیۆن کردوە لە لەندەن.
دیپۆرتی پەنابەران لەبەریتانیاوە بۆ عێراق:
لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤وە ٢٢١ پەنابەری عێراقی لە بەریتانیا گەڕێنراونەتەوە. ئەم ژمارەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە یان دیپۆرتکراونەتەوە یان هەڵیانبژاردووە بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە دوای ئەوەی داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە. کە ١٩٣ی بەشیوەی ئارەزوومەندانە بووە و٢٨ بەشیوەی زۆرەملی بووە.
ئەڵمانیا:
داواکاری پەنابەری عێراقیەکان لەساڵی ٢٠٢٤دا ٩هەزارو٤٦ بووە.وە لە سەرەتای سالی ٢٠٢٥دا ٢هەزارو ٢٢٥کەس داوای مافی پەنابەریانکردوە.
دیپۆرتی پەنابەران لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق:
لە ساڵی ٢٠٢٥دا دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیانی عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە ١٥٧ پەنابەری دیپۆرتکراونەتەوە کەزۆربەیان هاولاتیانی هەرێمی کوردستان بوون. تا ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، گەشتێکی هاوئاهەنگ بۆ دیپۆرتکردنەوە لە هانۆڤەرەوە ٤٧ کەسی عێراقی گەڕاندەوە بۆ بەغدا.
ئەم گرووپە دانیشتوانی ١١ ویلایەتی فیدراڵی ئەڵمانیای لەخۆگرتبوو. زۆرینەیان کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون، هەرچەندە ئەوانی دیکە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی وڵات بوون، ئەم دیپۆرتکردنەوە بەشێکە لە ڕەوتێکی فراوانتر، ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦٩٩ هاوڵاتی عێراقی گەڕاوەتەوە ، کە دوو هێندە زیاترە لەساڵی ٢٠٢٣کە ٣٩٩ هاوڵاتی دیپۆرتکراوەتەوە.
زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی هاوکاری نێوان دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا و عێراق، کە ئاسانکاری بۆ پرۆسەی گەڕانەوە. دەکەن
مەزەندەی دەکرێت لە ئیستەدا نزیکەی ١٠ هەزار پەنابەری عێراقی لە ئەڵمانیا مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.
سوید:
لە نێوان مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تا حوزەیرانی ٢٠٢٥، نزیکەی ٥٧٢ هاووڵاتی عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە سوید کردووە، بەپێی زانیارییەکانی دەزگای کۆچ. ئەم ژمارەیە کەمێک کەمی کردووە لەچاوساڵی ٢٠٢٤.
دیپۆرتی پەنابەرانی عێراقی لە سویدەوە بۆ عێراق:
لە نێوان مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تا حوزەیرانی ٢٠٢٥، سوید نزیکەی ٩٣ هاووڵاتی عێراقی دیپۆرت کردەوە کە داواکاری پەنابەرییان ڕەتکرابووەوە.کە ١٠٧ بەرپرسی سویدی یاوەری دەستگیرکراوەکان بوون، لەوانە کارمەندانی خزمەتگوزاری زیندان، ئەفسەرانی پۆلیس، کارمەندانی پزیشکی و وەرگێڕ
زیادبوونی ڕاگواستنەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی هاوکارییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی سوید و عێراق.
تورکیا:
تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە شەش هەزار و ٤٠٠ پەنابەری عێراقی دەستگیرکردبوو، کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ڕاگیرابوون تاوەکو دیپۆرتبکرێنەوە. ئەم کەسانە ئەوانەن بەبێ بەڵگەنامەی پێویست چوونەتە ناو تورکیا یان ماوەی ڤیزاکەیان بەسەر چووە.
فیدراسیۆن لەماوەی شەش مانگی رابردودا بەدوادا چوونی بۆ کەیسی ٣هاولاتی کردوە کە بێ سەروشۆێن بون. - تەلەکسی پشتیوانی بۆ چەند خیزان ناردوە بۆ پشتیوانی کەیسەکانیان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافی پەنابەران.
فەرەنسا:
بەپێی ئامارەکانی پۆلیس، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس لە کەمپی کاتی لە لۆن پلاج ئامادەن کە ژن و منداڵیشیان تێدایە. زۆرێک لەو پەنابەرانەکە ئارەزووی گەیشتنیان بە بەریتانیا هەیە، پێش ئەوەی لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا کۆببنەوە، لە کەمپەکانی وەک لۆن-پلاج دەمێننەوە.
لەماوەی شەش مانگی رابردودا فیدراسیۆن ئەم کارانەی ئەنجامداوە:
- کچێکی لەزیندانی فەرەنسا رزگارکردوە دوای ئەوەی مەترسی دیپۆرتکردنەوەی لەسەر بوو.
-تەلەکس بۆ پشتیوانی کەیسی ٩پەنابەر کە بەشێکیان خیزان بوون ئەنجامداوە بۆ پشتیوانی لەداوای پەنابەرییان.
سویسرا:
لە نێوان مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تا حوزەیرانی ٢٠٢٥، سویسرا ٥٥٩ داواکاری مافی پەنابەری لە هاووڵاتیانی عێراقی وەرگرتووە. ئەم ژمارەیە لەلایەن ئەنجومەنی پەنابەرانی سویسراپشتراستکراوەتەوە.
بەپی ئەو داتایانەی لەریگەی کەمپەینی دژ بەدیپۆرتی پەنابەران بەدەستمان گەیشتوە کە فیدراسیۆن بەشێکی سەرەکییە لەوکەمپەینە.
لەماوەی نیوان ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٥ حکومەتی سویسرا ٤٠پەنابەری عێراقی دیپۆرتکردوتەوە کە بەشێک لەوانە هاولاتیانی هەریمی کوردستان بوون، ٢پەنابەری کوردیش لەمەترسی دیپۆرتکردنەوە بەهۆی هەولەکانی فیدراسیۆنە رزگارکراون.
فنلاند:
لە فینلاند، بە هۆی توندکردنەوەی یاساکانی پەیوەند بە مەسەلەی پەنابەری، کاریگەری زۆری داناوە لەسەر ڕێژەکان، بە شێوەیەک لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، لە عێراقەوە تەنها 34 کەس داوای مافی پەنابەرێتی کردووە، لە کاتێکدا ساڵانی ڕابردوو ڕێژەکە بە هەزارەها بوو و ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا 110 داوانامە هەبوو.
هەروەها ڕێژەی سنووردارش کردنەوە وەیان دیپۆرتکردنەوە زیادی کردووە. لە ساڵی٢٠٢٤داسەرجەم ٢٨٨٤ پەنابەر بڕیاری سنووردارشی بۆ دەرچوو و١٩٦٥ی جێبەجێ کرا. ئەم ڕێژەیەش 64% زیاترە لە ساڵی پێشوو.
شایەنی باسە بەجیا لە سنووردارش، گەڕانەوەی خۆبەخشانەش هەیە، کە کاتێک پەنابەرەکە بێ ئومێد دەبێت لە مافی وەرگرتنی پەنابەری، پێش بڕیاری سنووردارش، خۆبەخشانە دەگەڕێتەوە، کە ساڵی رابردوو تێکڕا ٣١٣ حاڵەت هەبوو. عێراق و کوردستان یەکێکە لەو ولاتانەی زۆرترین سنووردارش و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی لە خۆ گرتووە.
بەجیا لە وەرگرتنی مافی پەنابەری، یاسای زۆر توند تر دەرچووە، کە بە زیانی پەنابەرانە. وەک توندکردنی مەرجەکان، کەمکردنەوەی ماوەی مافی پەنابەری تا مۆلەتی مانەوەی یەکجاری و هەندێ یاسای تر، وەک لە حالەتی سەردانی کەسی پەنابەر بۆ ولاتەکەی خۆی، دەبێتە هۆی لێسەندنەوەی مۆڵەتەکەی و هتد.
کەنەدا:
کارو هەڵسورانەکانی فیدراسیۆن لە پەیوەند بە سپانسۆری پەنابەران لە ووڵاتانی دووەم کە پەنابەر داوای پەنابەری کردووە و وە کەنەدا لە رێگای سپانسۆری تایبەتەوە ئەم پەنابەرانە قبوڵ دەکات.
لە ماوەی ١٢ مانگی رابردووە واتە لە ١/٦/٢٠٢٤ تاکوو ٦/١/٢٠٢٥ بەم شێوەیە:
ا-٢٢ کەیس لە رێگاو پشتیوانی فدراسیۆن قبوڵ بوون و G number یان بۆ چۆتە سەفارەتەکانی کەنەدا و چاوەرێن بۆ مقابەلەو سەفەر کردن دوای ئەوەی کە کەیسەکانیان وەک پەناهندە وەردەگیرێت.
٢- ٧ خێزان کە سەرجەم ئەندامەکانیان دەگاتە ٢٢ کەس گەیشتنە کەنەدا و بەیارمەتی فیدراسیۆن و هاوکارانی نیشتەجێ کران.
٣- ٩ کەیسی ترمان ئامادە کراون بۆ ناردن بۆ ئیمەیگرەیشن تاکوو G number یان بۆ وەربگیرێت.
٤- یارمەتی دانی حەوت کەیسی پەناهندە لەناو کەنەدا کە داوای پەنابەریان کردووە لە چەشنی پەیدا کردنی محامی و تەرجوومەو پەیدا کردنی نیشتەجێ و کار پەیدا کردن.
٥- وەڵامی رۆژانەی تەلەفۆنی خەلکی ناو کۆمنتیەکەمان لە سەر هەر کارەکی پەنابەری و کۆچ بەری لە چەشنی کاری ڤیزای سەردانی و خوێندن و کار کردن و سپانسۆری هاوسەر و کەس و کاریان.
٦- یارمەتی دانی پرکردنەوەی فۆرم لە هەر بوارەکی پێوست بو بێت لە چەشنی پرکردنەوەی فۆرمی یارمەتی دەوڵەتی و دسەیبڵتی و پاسی ناو شار و خەستەخانەو داواکاری فیزا بە رێگای ئۆن لاین کە ئەمانە هەموو بە بێ بەرامبەر کراون.
٧- کردنی چەندین تەلەکسی پشتیوانی بۆ قبووڵی کەسی پەنابەری و ئینسانی کە هەندێکیان زۆر سوودی هەبووە.
بولگاریا:
لەماوەی شەش مانگی رابردودا فیدراسیۆن لەریگەی پالوێزی بولگاریا لە بەریتانیاوە بەدودا چوونی بۆ کەیسی دوو هاولاتی هەریمی کوردستان کردوە کە بێسەروشۆێن بوون.
بەگشتی فیدارسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی لە ماوەی یەک ساڵی رابردودا هاوکاری دەیان پەنابەری کورد و عیراقی کردووە لە مافی پەنابەری بەهرەمەند بن، پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رینمایی یاسایی سەبارەت بە یاسای پەنابەری لە و ولاتانە، جۆنێتی داوای مافی پەنابەری و چاوخشانەوە بە کەیسەکانیان، گرتنی پاریزەری یاسایی خۆبەخش، پشتیوانی لەداوای پەنابەریان لەریگەی نامەی پشتیوانی بۆ دەزگا پەیوەندیدار، پەیوەندی بەدەیان ئەندام پەرلەمان بۆ هاوکاری چەندین کەیسی تایبەت، هاوکاری خزمەتگوزاری خانووبەرە، تەندروستی، ئازادکردنی دەیان پەنابەر لە گرتووخانە دەستبەسەرەکان و رزگاکردنیان لە مەترسی بەزۆر ناردنەوە، دانانی کوڕ و کۆبوونەوە و ئاهەنگ تا لەکۆمەلگا دانەبڕینو تەنها نەکەونەوە، ناردنەوەی چەندین تەرمی پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان، گیرانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو پەنابەرانەی کە لەسەر خواستی خۆیان داوایانکردوە بگەرینەوە بۆ کوردستان، بەدوادا چوون بۆ چەندین کەیسی پەنابەر کەلەکاتی رۆیشتنیان بۆ ولاتانی ئەوروپا لە رێگەی پەنابەری بێ سەروشۆێن بوو، گێرانەوەی دەیان پەنابەر کە باری دەروونیان تێکچووە لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا و ئەوروپا، سپۆنسەرکردنی دەیان پەنابەر بەشێوەیەکی یاسایی و بردنیان بۆ کەنەدا.
بەریوەبردنی چەند کەمپەینی سەرکەتوو بۆ ڕیگەگرتن لەناردنی پەنابەران بۆ روەندا وەیان دیپۆرتکردنەوەیان بەزۆرە ملێ بۆعێراق ..لەگەل هاوکاری جلوبەرگو تەلەفون وزۆر پیداویستی تر بەو پەنابەرانەی پیویستیان بەهاوکاری بووە. وە بەهاوبەشی چەندین کەمپینی بوو لەگەل رێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافی پەنابەری لە ئاستی ئەوروپا دژ بەراسیزم و نەژاد دپەرستیو، هەروەها کەمپەینی پشتیوانی بووە لەپەنابەرانی ئیرانی لەکوردستان.
لە ئێستادا فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی/لقی کوردستان بەمەبەستی بەردەوامیدان بە کارو چالاکیەکانی و پیشکەشکردنی هاوکاری و رێنمایی و زانیاری و خزمەتگوزاری پیویست، هەموو رۆژانی شەممەیەك، کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ بۆ ٢ی دوانیوەرۆ، دەرگای کراوەیە بۆ وەلامدانەوە بە کیشەو گیروگرفتەکانی ئەو هاولاتیانەی کوردستان کە لە هەندەران دەژین و کێشەی پەنابەرییان هەیە، یاخود پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان، بێسەروشویینکراو و وونبووەکان، و هەر مەسەلەیەکی دیکەی پەیوەند بە کیشەکانی پەنابەریەوە.
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٠/٦/٢٠٢٥
PM:05:38:20/06/2025
ئهم بابهته 496
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت