کەمال کەرکوکی: لەئێستادا گەلی کوردستان رووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە دەبێتەوە
وێستگەنیوز-
بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم جەژنە لە کاتێکدایە گەلی کوردستان رووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە دەبێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، بەغدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەکات.
کەمال کەرکوکی، بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا بە بۆنەی جەژنی قوربان رایگەیاند، "ئەم جەژنە لە کاتێکدا دێت گەلی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمکارانە دەبێتەوە بەوەی بڕیارێکی لەناکاو بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چەند رۆژێک پێش جەژن دەرچوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕیارە هەنگاوێکە مایەی سەرسوڕمان بوو، بەهۆی رەهەندە سیاسی و مرۆییەکانی و هەستیاریی کاتی و ناوەڕۆکیەوە، بەڵام دیارە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دوورخستنەوەی سەرنج لەو ئالنگارییە جەوهەرییانەی بەردەم حکومەتی عێراقن لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی گەشەپێدان و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داراییدا".
کەمال کەرکوکی وتی، "ئەمە لە کاتێکدا خەڵکی عێراق چاویان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و حوکمڕانیی دانایانەیە لە سەر بنەمای هاوبەشی و یەکسانی وسازان و سیستمی فیدراڵی و چارەسەری بنیادنەرە، بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی بە ئەنقەست دروستکردنی قەیران، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور و میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا".
وتیشی، "ئەو هەنگاوەی بەغدا کە لە سەر بیانووی بێ بنەمای دەستووری ویاسایی دامەزراوە، سەرپێچییەکی ڕوون و ئاشکرای دەستووری عێراق و یاسای بودجەی فیدراڵیە، چونکە ماددە پەیوەندیدارەکان باسی بڕینی پارەدارکردن ناکەن، بەڵکو باسی میکانیزمی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان (ئەگەر بە ڕاستی هەبن) دەکەن، لەڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکانەوە نەک بە سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ".
راشیگەیاند، "ئەو پاساوانەی لە بەیاننامەی وەزارەتی داراییدا هاتوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ژمێریارییەوە نییە و هیچ پەردەپۆشێکی یاساییش ناداتە ئەوەی کە گەلی هەرێمی کوردستان لە شایستە داراییەکانی بێبەش بکات".
بەرپرسی پەیوەندی گشتی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، "رۆڵەکانی کوردستان، ململانێیان لەگەڵ سەختییەکاندا کردووە و ڕووبەڕووی تاریکترین هەلومەرج بوونەتەوە و شکستیان نەزانیوە، لە ئازار و چەرمەسەری ئیرادەیان بنیاد ناوە و، لە ژان خۆنەچەماندنیان دروست کردووە، لە ستەم شکۆی لە شکاندن نەهاتوویان دروست کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، "کوردستان لە قورسترین کارەساتەکان بە سەرکەوتوویی دەرچووە، هەر لە کیمیابارانەوە تا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و پاکتاوی نەژادی، تا گەمارۆ و برسیکردن و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەر کاتێکیش دوژمنەکانمان گەلەکۆمەیان لێی کردبێت، پیلانەکانیان لەسەر چیاکانی کوردستان تێکشکاون و، ستەمکارییەکانیان وەک شکست بەڕووی خۆیاندا دراوەتەوە".
PM:04:48:06/06/2025
ئهم بابهته 984
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت