وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە 4ـی 6ـی 2025، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رۆژانی جەژنی قوربان کاری پێویست ئەنجامبدەن بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.
2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوەدەبن.
4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لەڕێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
6. ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر لەڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە 8ی بەیانی تاکو 8ی بەیانیی رۆژی دوایی رەوانەبکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
7. رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
8. ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
10. هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.
11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆڕینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.
12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی 122 بەردەوامدەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
15. خزمەتگوزاریی بانکی خوێن بە شێوەی ئێشکگری 24 کاتژمێر کراوەبێت.
16. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری بەردەوامدەبن.
17. تیمەکانی تەندروستی بەهەماهەنگیی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێریی شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێریی مەرجە تەندروستییەکان بکەن.
18. بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێنمایی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بکرێت.
19. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوامدەبێت.
20. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان دابنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ باری لەناکاو.


AM:11:25:04/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو