وه‌فدی رۆژئاوای كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق له‌سه‌ر 4 خاڵ رێككه‌وتن
وێستگه‌نیوز-
وه‌فدی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق كۆتایی هات و له‌سه‌ر 4 خاڵ رێككه‌وتن كه دیارترینیان پێكهێنانی لیژنه‌ی لاوهكییە بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنی 10ـی ئازار.
دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان وه‌فدی رۆژئاوای كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه كه "له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ چه‌سپاندنی لێكتێگه‌یشتن و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه ئه‌نجامدراوه‌كان، یه‌كه‌م دانیشتن له نێوان وەفدی نوێنه‌رایه‌تی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا و لیژنه‌ی ناوه‌ندی كه ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)ی پێ‌سپێردرا، به‌ڕێوه‌چوو.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه ده‌ڵێت: "كۆبوونه‌وه‌كه له كه‌شێكی ئه‌رێنی و بنیاتنه‌ردا به‌ڕێوه‌چوو".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه هه‌ردوولا چه‌ند پرسێكی جێ بایه‌خی هاوبه‌شیان تاووتوێ كرد و له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ڕێككه‌وتن:
1. پێكهێنانی لیژنه‌ی لاوه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی 10ی ئازار، كه له‌نێوان مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" و ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆكی حكومه‌تی راگوزه‌ر واژۆ كراوه.
2. هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی په‌یوه‌ست به تاقیكردنه‌وه و ناوه‌نده‌كانی تاقیكردنه‌وه به‌جۆرێك كه مافی خوێندكاران و سه‌لامه‌تی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌سته‌به‌ربكات.
3. تاووتوێكردنی میكانیزمه‌كان بۆ ئاسانكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان و كاركردن بۆ لابردنی ئاسته‌نگه‌كان كه به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یان.
4. كاراكردنه‌وه‌ی دۆسێی گه‌ڕه‌كی ئه‌شره‌فیه و شێخ مه‌قسود و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان به شێوه‌یه‌ك كه خزمه‌ت به سه‌قامگیری و ئاشتی مه‌ده‌نی بكات.
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "هه‌ردوولا پابه‌ندبوونی خۆیان به گفتوگۆی بنیاتنه‌ر و هاوكاری به‌رده‌وام و خزمه‌تكردنی یه‌كڕیزی و سه‌روه‌ری سوریا و گه‌یشتن به خواسته‌كانی گه‌لی سوریا بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری دووپات ده‌كه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتن كرا كه به‌م زووانه دانیشتنێكی دیكه دیاری بكرێت بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆكه و به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه".
PM:10:16:01/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 2576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت