قوباد تاڵەبانی: هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری گرنگە


وێستگەنیوز

ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سیناتۆر جاکی رۆوزن کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سیناتۆر جاکی رۆوزن ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا و پشتیوانی ئەمریکاشیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی و هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەم هاوپەیمانییە نەک تەنها بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و ریفۆرم لە حکومڕانی کوردستاندا گرنگە".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. سیناتۆر جاکی رۆوزن بە گرنگی زانی لایەنەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە پارتی و یەکێتی لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ حکومڕانی رێککەوتوون و هیوای خواست لە نزیکترین ماوەدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە کێشەکان و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچە، جەختیکردەوە، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە و لەمبارەیەوە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێویست زانی.


PM:04:52:31/05/2025










ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو