قوباد تاڵەبانی: سیاسەت ڕیشی سپی کردم... ئێستا فیرعەون نەماوە لەم دەڤەرە


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت، "هەرچی باش کرابێت لە سلێمانی، بەتەنها من نەبووم، بەڵکو تیمێکی باشم لەگەڵ بوون. لە 2021ـەوە دۆخەکە باشتر بووە، پێش ئەوە ململانێیەکی سیاسی زۆر سەخت، کێشمەکێشمی کوردستان و عێراق، شەڕی داعش و قەیرانی کۆرۆنا، کاریگەری هەبوو لەسەر گەشەی ئابووری دەڤەرەکە و رێگری لێدەکرا." دەشڵێت: "سیاسەت ڕیشی سپی کردم".

بەرنامەی 'پێچ و پەنا'ـی کەناڵ 8 ئەمجارە تایبەت بوو بە دۆخی ئابووری سلێمانی و گەشەکردنی بواری وەبەرهێنان، بەهرۆز فەرەیدوون، پێشکەشکاری بەرنامەکە میوانداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و چەند پرسیارێکی لەو بارەیەوە لێکرد. 

لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەندێک گروپی ناو یەکێتی حەزیان نەدەکرد یەکێتی سەرکەوتووبێت، حەزیان دەکرد خەڵک هەر بە توڕەیی بمێننەوە، ئێمە ئەوەمان نەهێشت. ئێستا فیرعەون نەما لەم دەڤەرە، ئەمەش کارێکی قورس بوو بەڵام ئیرادە هەبوو، لە ژێر رابەرایەتی کاک بافڵ، توانیمان یەکێتی یەک دەست بکەینەوە، توانیمان یەک پەیام هەبێت لێرە و بەرەبەرە متمانە بگەڕێنینەوە بۆ وەبەرهێنەران."

پێشکەشکارەکە دەپرسێت، چی ڕیشی ئاوا سپی کردیت؟ لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "سیاسەت ریشی سپی کردم، کاتێک گەڕامەوە، بۆ ووڵات هەندێک هەبوو پێیان خۆشنەبوو گەڕاومەتەوە."

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵانی ڕابردوو، وەبەرهێنەران دەترسێندران، فەوزای سیاسیی هەبوو لە سلێمانی؛ و ئەمەش وای دەکرد وەبەرهێنەر نەیدەتوانی بە ئاسودەیی کارەکانی بکات، بەڵام ئەوە نەما و ئێستا لە دوای ساڵی   2022، 2023 و 2024ـەوە، دوو قات و سێ قات گەشەی ئابووری زیادی کردووە. 

هەروەها لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا پلانەکە چۆن بوو، جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت: "بە پلان وامان کردووە بازاڕە گەورەکەی خانوبەرە ڕوو لە سلێمانی بکات، بەشێک بۆچوونیان وابوو کە بەهۆی زۆری پرۆژەی خانوبەرە لە سلێمانی، ئەمە وا دەکات نرخ بشكێت و وا دەکات پرۆژە شکست بهێنێت، بە پێچەوانەوە نرخەکە ئاسایی دەکاتەوە، مەعقول نییە شوقەیەک بە نیو ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت، گیرفانی کەسێک ناتوانێت ئەوە بکڕێت، دەبێت ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی لێرە دروست دەکرێن، بگونجێن لەگەڵ گیرفانی هاوڵاتییەک، چۆن دەیگونجێنیت؟ پرۆژەکە زیاد بکە، کە زیادت کرد مونافەسەکە وا دەبێت مەجبور دەبن نرخەکە داگرن و هاوڵاتیش دەتوانێت دەستی بگات بەو یەکەی نیشتەجێبوونەی دەیەوێت."

"لەدەڤەری راپەرین، لە گەرمیان و لە قەزاو ناحیەکان، پێویستییەکی یەکجار زۆر هەیە بە یەکەی نیشتەجێبوون، رەنگە هەندێک وەبەرهێن پێیان ناخۆشبێت، بەڵام ناچار دەبن نرخ کەم بکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەموویان قازانج دەکەن و هاوڵاتیش قازانج دەکات." قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.

ئاشکراشی کرد کە، پلانی درێژخایەن و پێنج ساڵەیان هەیە بۆ سلێمانی و دەڵێت: "مانگی 9ـی 2022، کۆبوونەوەیەکم بە هەموو دامودەزگاکانی سلێمانی کرد و پێم وتن ئیتر بەسە! ئێوەن رێگرن و توڕەبووم لێیان. هەڕەشەی گۆڕانکاریم لێکردن.. ئەوکات جەوێک دروست کرابوو، هەرچی مۆڵەتێک دەدرا، مەقالەیەکی لەسەر دەنوسرا و نەیان دەوێرا کار بکەن، من وتم بڕۆن هەموو کارەکانتان بکەن و من بەرپرسیارییەتی هەمووی هەڵدەگرم. پێم وتن داواکاری گشتی دێت یەخەی ئێوە دەگرێت، با یەخەی من بگرێت."

ئەوەشی خستەڕوو، "هەندێک جار دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانیم بەکارهێنا، نەک دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەمەش لە پێناو بەرەوپێشچوونی سلێمانی، چونکە کە دەهاتمەوە دەمبینی هەر وەک خۆیەتی، دەمویست کارگە و باڵەخانەی بەرز و وەبەرهێنان لەم شارە ببینم. لە پاش ئەوە جموجۆڵ کەوتە ئەم دەڤەرەوە و بەرەو ئاراستەیەکی زۆر باش دەڕوات، پلانی داهاتوومان ئەوەیە کارگە زیادکەین و بەروبومی خۆماڵی، پیشەسازی و کشتوکاڵ زیاد بکەین."

بەهرۆز فەرەیدوون دەپرسێت لەبارەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەیشتیتە کوێ؟ جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت: "تورکیا وڵاتێکی گرنگە، تێڕوانینێکی زۆر خراپ لە تورکیا هەبووە بەرامبەر سلێمانی، کە وتراوە سلێمانی نەیار، دوژمن و دژی تورکیایە، حەق نییە وا سەیری ئەم شارە بکات، هەوڵم داوە حەقیقەتەکە نیشان بدەین. ئێمە نە یارمەتی پەکەکە'ـمان داوە ئازاری تورکیا بدات، نە یارمەتی تورکیامان داوە ئازاری پەکەکە بدات. ببۆ تورکیامان روونکردەوە، پشتیوانی ئێمە بۆ رۆژئاوا دژی تورکیا نەبووە، بەڵکو پشتیوانییەکی نەتەوەیی بووە و بڕیاری پەرلەمانیمان هەیە و هیچمان نەکردووە دژی یاسا بێت. کار لەسەر کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی دەکەین، ناوەستم هەتا ئاسمانی سلێمانی نەکرێتەوە."

لە کۆتایی دیدارەکەشدا قوباد تاڵەبانی بەگەشبینییەوە ئەڕوانێتە ئاشتی نێوان کوردو  تورکیا و دەڵێت: ، "ئەوەتا بە هەوڵی هەموو لایەک توانراوە، شەڕێکی چل ساڵەی پەکەکە و تورکیا بەرەو ئاشتی بڕوات، ئەمەش بە گفتوگۆ کراوە، ئامانجی هێنانی دێڵفی'ـش بۆ سلێمانی بۆ ئەوە بووە لە پێناوی زیادکردنی کەناڵەکانی گفتوگۆی سیاسی، کلتووری، ئەکادیمی و ئابوورییە. چەند زیاتر بتوانین لە گفتوگۆ بین لەگەڵ یار و نەیار، ئەوەندە دەتوانین کوردستان و سلێمانی پێشخەین."


PM:02:01:23/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت