رێباز حەملان: ئەو گرێبەستانەی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردوویەتی هیچ کاریگەری لەسەر دواخستنی مووچە نییە
وێستگەنیوز-
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا بەردەوام دژایەتی سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو گرێبەستانەی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردوویەتی هیچ کاریگەری لەسەر دواخستنی مووچە نییە.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەت لە کەناڵی کوردستان 24 رایگەیاند، "بەغدا بەردەوام دژایەتی سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو گرێبەستانەی لە واشنتۆن کراون گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو رێککەوتنەکان دەگەڕێنەوە بۆ 15 ساڵ بەر لەمەوبەر کێڵگەکان دراون بە دوو کۆمپانیای نوێ".
رێباز حەملان وتی، "عێراق یاسای نەوت و گازی نییە تاوەکو بڵێت ئەم گرێبەستانە نایاساین، هەروەها عێراق چەندین ساڵە دەیەوێت یاسای نەوت و گازی یەکگرتوو دەربکات، بەڵام نەیتوانیوە، بۆیە عێراق ناتوانێت بەربەست بۆ ئەو گرێبەستانە دروستبکات".
وتیشی،"ئەگەر گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا نایاسایی بوونایە، ئەوا ئەمریکا پشتگیری نەدەکرد".
رێباز حەملان دەشڵێت، "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە وردی ئاگاداری ئەو گرێبەستەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردوویەتی".
جەختی لەوەشکردەوە، "ئەو گرێبەستانەی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردوویەتی هیچ کاریگەری لەسەر دواخستنی مووچە نییە".
راشیگەیاند، "عێراق ئەگەر بیەوێ بیانوو بۆ دواخستنی مووچە بدۆزێتەوە بچوکترین بیانوو دەکاتە گەورەترین شت و هۆکاری دواخستنی مووچە، بەغدا مووچەی مانگی چواری دواخست بەبێ هۆکار، خۆ ئەوکاتە گرێبەستەکان نەکرابوون".
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "بۆ مووچەی مانگی پێنج ئەوەی پێویست بووە بۆ بەغدا نێردراوەو هەرێم هەموو ئیلتیزاماتێکی خۆی جێبەجێ کردووە، رۆژی یەکشەممە لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پەیرۆڵ ئامادە کراوەو رەوانەی بەغدا دەکرێت".
PM:09:52:22/05/2025
ئهم بابهته 760
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت