ئامانج رەحیم: حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی کوردستان بدات
وێستگەنیوز-
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق دەستوور وەک خۆی جێبەجێ ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات، تا ئێستا حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریی لە پانێڵێک لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن رایگەیاند، "هەمووا دەزانن دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، لەسەر بنەمای فیدراڵیزیم دامەزراوە، هەر ئەمەش رێگە بە هەرێمی کوردستان داوە سەرچاوەکانی وزەی خۆی پەرە پێبدات".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەداخەوە تائێستا دەستوور وەک خۆی جێبەجی ناکرێت، هێشتا چەندین یاسای سەردەمی رژێمی بەعس لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، هەروەها بە گوێرەی دەستوور، حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی هەرێمەکە بدات".
ئامانج رەحیم وتی، "هەر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی دەرکرد، هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا بەشدارن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمەکە".
وتیشی، "لە مانگی 2ی ساڵی 2014، عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئەمەش بووە شۆکێکی گەورەی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بۆەی هەرێمەکە ناچار بوو کە نەوتی خۆی لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا هەناردە بکات".
ئەوەشی وت، "لە ساڵی 2023 بەهۆی سکاڵای حکوومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بە بڕیارێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، بەم هۆیەش عێراق ناچار کرا ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی تورکیا، هەروەها بەهۆی راگرتنی هەناردەکەوە تائێستا عێراق 25 ملیار دۆلار زیانی کرد".
لەبارەی یاسای نەوتی و گازەوەش ئامانج رەحیم دەڵێت، "لە ساڵی 2005ـەوە تا ئیستا یاسای نەوت و گاز لە عێراق نییە، لە وڵاتەکە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی ئەم یاساییە مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت بە گوێرەی یاسای رێکبخرێت".
لەبارەی گرێبستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، ئامانج رەحیم جەختی لەوەکردەوە، "ئەو گرێبەستانە یاسایین و لەلایەن دادگای کەرخەوە دانیان پێدا نراون".
راشیگەیاند، "تائێستا حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیە تا ئێستا هەرێمەکە نەوتەکە بە نرخێکی هەرانتر لە ناوخۆ ساغ دەکاتەوە".
PM:07:12:22/05/2025
ئهم بابهته 476
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت