سەنتەری میترۆ بۆ دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر: عەلی خەیال رادەستی بەغدا نەكەن
وێستگەنیوز-
سەنتەری میترۆ داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دەكات، پێشكەشكاری كەناڵی ئەلبەغدادیە رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا نەكات.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی عەلی خەیال، پێشكەشكاری كەناڵی ئەلبەغدادیە لە هەولێر سەنتەری میترۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ پێنج شەممە 22ی ئایاری 2025 ، كەناڵی ئەلبەغدادییە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا هاتووە كە پێشكەشكارێكیان بەناوی (عەلی ئەلخەیال) لە هۆڵێكی وەرزشی شاری هەولێر رفێندراوەو تاكو ئێستا بێسەروشوێنە، سەلامەتی گیانی ئەو میدیاكارەش دەخەنە ئەستۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق".
ئاماژە بەوەشکراوە، "بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پێشتر لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەو وەزیرە هەڕەشەی لە پێشكەشكارەكە كردوە، هەروەها سكاڵای یاساییشی لەدژی تۆماركردبوو".
عەلی ئەلخەیال، بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە ڕۆژنامەگەری، زانكۆی بەغداو بڕوانامەی ماستەر لە ڕۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە، ساڵانێك لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا كاری كردووە، ئێستا بەرنامەی "ئێمە دەسەڵاتین" لەو كەناڵەدا پێشكەش دەكات، كە بەرنامەیەكی سیاسی رەخنەگرە.
هەروەها سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی عێراق دەكات دەكات یاسا نەكەنە ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لە رەخنەگران و رۆژنامەنووسان و رێز لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری بگرن.
ئاماژە بەوەداراوە، "سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە هەواڵی رادەستكردنی بە هێزە ئەمنییەكانی بەغدا، داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دەكات، وەك دۆسیەیەكی هەستیار تەماشای ئەو داوا یاساییە بكات كە رووبەڕووی پێشكەشكاری كەناڵی ئەلبەغدادیە (عەلی ئەلخەیال)كراوە، بە پێی شوێنی دانیشتنی رۆژنامەنووسەكە كە شاری هەولێرە كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی".
PM:07:01:22/05/2025
ئهم بابهته 1028
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت