مەسرور بارزانی: دەستوور رێگەی بە کوردستان داوە رێککەوتنەکان بکات و پێویستە عێراق رێزی لێبگرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025، کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن دەستیپێکرد مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە کۆنفرانسەکە بەشدارن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن رایگەیاند، "خەڵکی کوردستان دەمێکە بە دەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنێت، چونکە سەرچاوەی پێویستما ن نەبوو بۆ دابینکردنی کارەبا".
مەسرور بارزانی باسی لە پرۆژەی روناکی کرد و وتی، "زۆر خۆشحاڵم پرۆژەی روناکی لە هەرێم زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، تا کۆتایی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری".
لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری وزە مەسرور بارزانی وتی، "شانازی بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەکەم و ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا کردوومانە سوودی بۆ هەرێم و عێراق دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "دەستوور رێگەی بە کوردستان داوە رێککەوتنەکان بکات، بۆیە پێویستە عێراق رێز لە دەستوور و رێککەوتنەکان بگرێت".
لەبارەی کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێم سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "کارکردنی ئەو کۆمپایانە لە هەرێمی کوردستان یاسایی و دەستوورین".
لە پانێڵەکەدا مەسرور بارزانی لەبارەی دۆخی سوریاوە وتی، "هێشتا ئاڵۆزی لە سوریا هەیە و بە تەواو کۆنترۆڵنەکراوە، ئێمە ئارامیمان دەوێت لە سوریا، بۆیە خەڵکی سوریا بڕیار لەسەر چی بدات بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئێمە هاوکار دەبین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ روانگە و ئەجێندای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت، "بۆ ئەوەش هاتووینەتە ئێرە کە بە ئەمریکای پێشان بدەین ئێمە تەنها لە شەڕی دژی تیرۆر بەتوانا نین، بەڵکو دەتوانین هاوپەیمانی دروستبکەین بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک".
PM:05:53:22/05/2025
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت