مایک پۆمپیۆ: کورد شایستەی زیاترە و سەلماندوویانە یەکێکن لە هاوبەشە جێی متمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە واشنتن دەکات زیاتر پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا و دەڵێت: "هێشتا گەلی کورد نیشتمانێکی ڕاستەقینەی خۆی نییە."
 
پۆمپیۆ لە وتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بە ناونیشانی (کورد شایستەی زیاترە) ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئەمریکا و تیشک دەخاتە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش.

دەشڵێت: ئەوان خۆیان سەلماندووە کە یەکێکن لە هاوبەشە جێی متمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هێشتا گەلی کورد نیشتمانێکی ڕاستەقینەی خۆی نییە.

پۆمپیۆ نوسیویەتی: "مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتۆنی کردووە، ئەم دۆستانە شایەنی باشترن."

"ئەکتەرە ناوچەیی و هەرێمایەتییەکانی دیکە دۆستایەتیی رووکەش پێشکەش دەکەن، بەڵام کورد بە کردار و قوربانیدان دۆستایەتی خۆی نیشان دەدات." پۆپمپیۆ وای وتووە.

لەمەش زیاتر، "ئەوان بەربەست و قەڵایەکی گرنگن لە دژی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. کە بە تەواوی دەستی بەسەر چەند شوێنێکدا گرتووە لەنێویاندا عێراق، کە بووەتە پشیلەی دەستی ئێرانییەکان."

پۆمپیۆ زیاتر لەسەر کورد نوسیویەتی و دەڵێت: "تەماحەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی زیاتر نەک هەر ڕاستن، بەڵکو لەگەڵ بەرژەوەندییە ڕەخنەگرانەکانی ئەمریکا خۆیدا یەکدەگرێتەوە. وەک وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە خولی یەکەمی سەرۆک ترەمپدا، بە چاوی خۆم شاهیدی پابەندبوونی بێوچانیان بووم بە ئامانجە هاوبەشەکانمانەوە."
 
پۆمپیۆ نووسیویەتی: "کورد هەرگیز ژیانی ئەمریکییەکانی نەکردووەتە قوربانی، هەرگیز تێوەنەگلاوە لە تیرۆر و بەردەوام بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردووە."
  
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەغدا لەسەر داوای ئێران لە رووی ئابوورییەوە گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
باسی لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نزیکەی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی کۆی یەدەگی عێراق و سەرچاوەیەکی گەورەی گازی سروشتیشی هەیە. هەر بۆیە گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی وزەی ئەمریکا بەهێزتر دەکات.
 
هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 دووپاتکردەوە و لایەنگریی واشنتن بۆ بەغدا لەو کاتەدا بە "هەڵە" ناوبرد و وتی، کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بەو سیاسەتە بکرێت و واشنتن ئەو هەڵەیە راست بکاتەوە. 
 
سەبارەت بە هێرشکردنەوە سەر هەرێمی کوردستان، پۆمپیۆ دەڵێت: "نابێت هیچ هێزێکی هەرێمی بەبێ سزا دژی هاوبەشەکانمان ئۆپەراسیۆن بکات، دەبێت ئەمریکا هێڵی سوور دابنێت."
 
هەروەها باسی لەوەشکردووە، "لە ساڵانی خزمەتکردنماندا فێربووم کە ئەمریکا ئەوکاتە بەهێزترینە کە پاڵپشتی لەوانە دەکات بەهای هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانمان بەرەوپێشەوە دەبەن."
 
لە کۆتایی وتارەکەشیدا دەڵێت، "لەکاتێکدا ئێمە (لەگەڵ هەرێمی کوردستان) رێگەکانی پێشخستنی هاوبەشی ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەخەینەڕوو، پێویستە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لە ئەمریکا لێبکرێت."


PM:12:40:21/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو