وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات: گرێبەستەکانی وزە هەنگاوی یەکەمی پرۆسەی ڕاگرتنی فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستانە
وێستگەنیوز_
سەبارەت بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای بواری وزەی ئەمریکا، د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە خۆڕابینین هەمیشە نەیارەکان دەترسێنێت و گرێبەستەکانی وزە هەنگاوی یەکەمی پرۆسەی ڕاگرتنی فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستانە.
فەرهاد تۆفیق دەڵێت: دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەری سەردانی ئەمریکایان کرد و چەند گرێبەستێکی وزەیان واژۆ کرد، وێڕای ئەوەی بەرچاوڕوونیمان نییە لەسەر وردەکاری گرێبەستەکان کە تا چەند دەسکەوتی کۆنکرێتی بۆ پرسی نەتەوەیی و بەرژەوەندی تاک و هاوڵاتیانی کوردستان هەیە، بەڵام ئەم گرێبەستانە لەچەند ڕەهەندێکەوە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان گرنگن."
1. هەنگاوی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی بەغدا و پرۆسەی لەقاڵبدان و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستانە."
2. دووبارە هەرێمی کوردستان خرایەوە سەر نەخشەی جیهانیی وزە و شوێنی سەرنج و ڕاکێشانی کۆمپانیاو دروستکردنی بەرژەوەندی وڵاتان.
3. ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیان بەتایبەت لەسەردەمی دۆناڵد تەرمپ دا کاریگەری لەسەر پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەبێت.
4. سەغڵەتبوونی حکومەتی ناوەندیی نیشانەی ئەوەیە کە پرۆسەکە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.
5. گرنگە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکەن و پاڵپشتی یاسایی و سیاسی تەواوی بۆ بەدەستبهێنن و لەهەمان کاتدا بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتییان پێش بەرژەوەندی کۆمپانیا تایبەتەکان بخەن لە چۆنییەتی داڕشتن و واژۆکردنی ئەم گرێبەستەو گرێبەستەکانی داهاتووشدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 19ـی 5ـی 2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد. هەردوو کۆمپانیای ناوبراو پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن.
PM:12:22:21/05/2025
ئهم بابهته 728
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت