مەسرور بارزانی: پیرۆزبایی لە گەلی کورد و گەلی عێراق دەکەم


وێستگەنیوز-

لەدوای واژۆکردنی گرێبەستەکانی بواری وزە لە نێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "پیرۆزبایی لە گەلی کورد و گەلی عێراق دەکەم".


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی ژووری بازرگانی ئەمەریکای کرد و رایگەیاند، "سوپاس بۆ ئەم ئامادەکارییەی بۆ واژۆکردنی دوو گرێبەستی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای گرنگی ئەمەریکا کرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتۆنم کە سەرپەشتی واژۆکردنی ئەم دوو رێککەوتنە گرنگە دەکەم، بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە، ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە کار دەکەن، کە رۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە، هاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان هەبووە".

ئەوەشی وت، "ئەم رێککەوتنە ملیار دۆلارییە، پابەندی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە دەسەلمێنێت".

مەسرور بارزانی وتیشی، "ئەم وەبەرهێنانە نوێیە بۆ پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بە گشتی، حکومەتی هەرێم خۆی تەرخان کردووە و زۆر پابەندبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازییەکانی ئێمە بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هیودارین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین".

ئەوەشی وت، "پیرۆزبایتان لێدەکەم و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، هەروا پیرۆزبایی لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەم، کە بەشێک بوون لەو هاوبەشییە گرنگە لەگەڵ ئێمە، لەم بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و چالاکی سەربازی گەورەترە، چونکە بڕوامانوایە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە بواری وزە دەکرێت قوڵتر و فراوانتر بکرێتەوە و بەهێزتر و بەهێزتر بکرێت".

هەروەها ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی کردن، رایگەیاند، "جێگەی خۆشحاڵییە بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بکەمەوە بۆ ئەمەریکا".

ئاماژەی بەوەشدا، "مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە".

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، "بەهای گرێبەستەکانی هەردوو رێککەوتنەکە دەگاتە 110 ملیار دۆلار".


AM:08:35:20/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو