سەمیر هەورامی: کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی- سلێمانی نەخشەڕیگەی چارەسەرکردنی گرفتە ئابوورییەکان دیاری دەکات


وێستگەنیوز-

بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 18ی ئایاری 2025، کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی-سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


لەوبارەیەوە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، "کۆڕبەندەکە پلاتفۆڕمێکی نوێی جیهانییە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ یەکەمینجارە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆڕبەندی دێلفی یەکێکە لەدیارترین کۆڕبەندە ئابوورییەکان کە چەندین کەسایەتی باڵای عێراق و یۆنان و هەرێمی کوردستان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان و وەزیران و شارەزایانی جیهانی کۆدەکاتەوە، بۆ تاوتوێی پرسە جیهانی و هەرێمایەتیەکانی ئێستا و وێناکردن و داڕشتنی سیاسەت و ئاراستە ئابورییەکان، بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکان لەسایەی گۆرانکاری بازرگانی و کێشمەکێشەکانی ناوچەکەدا".

سەمیر هەورامی وتی، "لە کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی-دا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، گۆڕینی وزە، هەمەچەشنیی ئابووری، دەکرێت سەرباری جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمدا".

لەم بارەیەوە وتەبێژی قوباد تاڵەبانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆڕبەندەکە کاریگەری دەبێت لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان و چۆنێتی پتەوکردنی لە بوارەکانی ئەمنی و دیبلۆماتیدا.

بە وتەی سەمیر هەورامی، کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی - سلێمانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس) بەڕێوەدەچێت.


PM:10:02:17/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت