قوباد تاڵەبانی: بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین


وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی راگەیاند.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کوردستان وڵاتی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە، لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفالەوە تا چیرۆکە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرخۆدان و خۆڕاگری، ئەو چیرۆکە جوان و پڕواتا و سەرنجڕاکێشانەی جیهان تامەزرۆی بیستن و بینینیانە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سینەمایی بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە و بوونیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ سینەمای کوردستان، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشداریم کرد لە فستیڤاڵی فیلمی کان تا لەوێوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رابگەیەنم".

باسی لەوەکرد، "کۆمیسیۆنەکە ئامانجییەتی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی سینەمای جیهانی و دەبێتە پردێکی پەیوەندیی لەنێوان کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تا لە کوردستان فیلم بەرهەم بهێنن و دەرفەتیش دروست دەکات بۆ بەشداریکردنی ئەکتەر و سینەماکارانی کورد لەو بەرهەمە جیهانییانەدا. هەروەها لەڕێی راهێنانەوە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی سینەماکارانی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "هاوکات بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین، جێی دڵخۆشییە چ لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرهەمهێنەرە بەشداربووەکانی فستیڤاڵی کان و چ لە گفتوگۆکانی پێشترمان لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی دیکە پێشوازییەکی باش لە پڕۆژەکانی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی کراوە".


PM:06:20:15/05/2025










ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت