وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ یەکێتی مامۆستایان: خوازیارین هەموومان دەست لەناو دەست بەردەوام بین لە زیاتر گەشەپێدانی کوردستان


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی 36یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئایاری 2025، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەناوی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە یادی 36یەمین ساڵیادی دامەزراندنی (یەكێتی مامۆستایانی كوردستان)، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سكرتاریەت و لقەکان و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەكەین".

ئاماژە بەوەکراوە، "یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە لە داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی مامۆستایان، لەم یادەدا خەبات و تێکۆشانیان بەرز دەنرخێنین، هەر لەم یادەدا ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەکانی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین، ڕۆڵی پێشەنگیان بەدرێژایی قۆناغەکانی خەبات لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەر لە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلی کوردستان لەیاد ناکرێت، لەپاش ڕاپەڕینیشەوە بەڕێزەوە لە ڕۆڵی بەرچاویان لەو گەشەسەندنەی کۆمەڵگەی کوردستان پێیگەیشتووە دەڕوانین".

وەزارەتی پەروەردە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "خوازیارین هەموومان وەک خێزانە پەروەردەییە گەورەکەی کوردستان دەست لەناو دەست بەردەوام بین لە زیاتر گەشەپێدانی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەکانمان بە گیانی خۆشویستنی وڵات و پێگەیاندنیان لەڕووی زانستەوە، بۆ ئەوەی لەئاییندەدا رۆڵی خۆیان لە پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان ببینن".


PM:05:37:15/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت