پارێزگاری دهۆک داوایەک ئاڕاستەی پەکەکە دەکات
وێستگەنیوز-
پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت، بەهۆی ململانێی چەکداری نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، یەک لەسەر سێی گوندەکانی سنووری پارێزگاکە وێران بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئایاری 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە".
ئاماژەی بەوەکرد، "نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتووانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە، هەروەها هاوڵاتییانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکان و بوونی چەکداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان".
پارێزگاری دهۆک داوای لە پەکەکە کرد ئەو گوند و شاخانەی کە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.
هەروەها عەلی تەتەر پاڵپشتیی ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دووپاتکردەوە و داوای تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ گوندەکانی سنوورەکە کرد.
وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی رێگەی گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و رێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین".
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
PM:04:11:15/05/2025
ئهم بابهته 740
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت