بارزانی: ئەگەر خەباتی ئێمە بۆ مووچە بووبێت، دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین


وێستگەنیوز_

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە." 
 
ئەمرۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2025، مەسعود بارزانی لە وتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ڕایگەیاند "بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات. لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو هەڵبژاردن بووە و هەڵبژاردنیش سەنگی هەموو لایەکی پیشان داوە. ئەگەر چەند کەسێک لەبەر هەر مەبەستێک، خۆیان قەناعەتی پێیە، سکاڵا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و شەرعییەت و هەموو شتێکە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە، ئەگەر خەبات بۆ مووچە بووبێت، دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین."
  
دووپاتیشی کردەوە کە، "ئەو مامەڵەی بەغدا لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە." 

بارزانی پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا بە "سووکایەتی بۆ خوێنی شەهیدان" دەزانێت و دەڵێت: "ئەم میللەتە لە برسان شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر کەرامەت و ئیرادە هەبێت، هەموو کاتێک پارە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوانە نەمان، پارە چ قیمەتی هەیە؟"
 
دووپاتیشیدەکاتەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دەڵێت: "ئێمە دەرۆزەچی نین لەبەردەم دەرگای ئەوان. ئەوانەشی هەموو ئامانجیان پارەیە، با بچنە لای ئەوان، ئەو کەسانەشی کەرامەت ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی شەهیدانی کوردستانیان لە مەبەستە، بڕیاری خۆیان دەدەن." 
 
بارزانی جارێکی دیکە جەخت لە "نیازپاکی" هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا لەسەر حوکمن لە بەغدا، پێم وابوو لە غیابی ئێمە، پارێزگاری لە مافەکانمان بکەن، چونکە زۆر نان و نمەکمان پێکەوە بوو، نەوەکو بێن نانی کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران ببڕن. ئەمە لای من جێی سەرسووڕمان بوو." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد: "مادام ئەوان ئەو مامەڵەیە دەکەن، ئێمەش داکۆکی لە مافی ئەو کەسانە دەکەین و دەبێت قەرەبووی هەموو کەسوکارانی ئەنفال، کیمابارانی میللەت و قەرەبووی ئەو 4500 گوندە بکەن." 
 
بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی وتی: "وا مامەڵە دەکرێت کە کورد جەستەیەکی بێگانەیە لەم وڵاتەدا." 

دووبارەشی پەیامێکی پێشووتری خۆی وتەوە و رایگەیاند: ئێستاش نەچووە بچێت، جارێکی تر دڵنیایی دەدەم کە گەڕانەوە بۆ ئەو سێ مەبدەئە و دەستوور، ئەو کێشانە هەمووی چارەسەر دەکرێت، ئەوەی دەستوور بە هەرێمی داوە، دەستێوەردانی تێدا نەکرێت، هەرێمی کوردستان ئەگەر خیلافی یاساکانی کرد، پەرلەمانی خۆی هەیە و با ئەو پەرلەمانە موحاسەبەی حکومەت بکات."


AM:11:37:15/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت