ئەمڕۆ رۆژی زمانی کوردییە
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ 15ـی ئایار، رۆژی زمانی کوردییە؛ زمانی سەرەکیی هەر چوار پارچەی کوردستان و زیاتر لە 40 ملیۆن کەس، بەڵام بەربەستی یاسایی و دەستووری بۆ دروستکراوە و بە فەرمی دانی پێدانەنراوە.
سەرەڕای بەربەستە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی بەردەم زمانی کوردی لەبەشە جیاوازەکانی کوردستان، بەڵام دۆخی زمانی کوردی پاشەکشەی نەکردووە و نەبووەتە هۆی ئەوەی مەترسیی لەناوچوونی لەسەر بێت.
لە باکووری کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کورد دەژین و کێشەی کوردیش لە تورکیا فرە رەهەندە و لە پاڵ کێشەی ناسنامە، ئەمنی، سیاسیی، ئابووری و فەرهەنگی، کێشەی قەدەخەکردنی زمانی کوردی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان، زمانی کوردی لە دوای تورکی دووەمین زمانە زۆرترین کەس قسەی پێدەکەن.
بەگوێرەی ماددەی 42 دەستووری تورکیا، تورکی زمانی دایکی سەرجەم هاوڵاتیانی تورکیایە و بە پشتبەستن بەو ماددەیە بێجگە لە تورکی، خوێندن بە هەموو زمانێکی دیکە لەو وڵاتەدا قەدەغەیە.
هەرچەندە لە باشووري کوردستان، کوردی زمانی فەرمیی خوێندن، نووسین و پەروەردەیە، بەڵام نەتوانراوە زمانێکی ستاندارد و گشتگیر دابنرێت.
ئێستا زمانی كوردی بە گوێرەى دەستووری ساڵی 2005ی عێراق زمانی فەرمییە و لەماددەی نۆدا هاتووە، "زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمیی عێراقن"، بۆ قسەكردنیش لە شوێنە فەرمییەكان وهەر جێگەیەك مرۆڤ خۆی بیەوێت دەتوانێت یەكێك لەو دوو زمانە بەكاربهێنێت.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان، جیاواز لە تورکیا، لە دەستووری ئێراندا زمانی فەرمیی فارسییە، بەڵام بەکارهێنانی زمانی ناوخۆیی و نەتەوەیی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتیدا و فێرکردنی ئەدەبیاتەکەیان لە قوتابخانەکاندا، شانبەشانی زمانی فارسی، رێگەپێدراوە. هەرچەندە ناوی هیچ زمانێکی دیکە بە فەرمیی نەناسێندراوە.
هەرچی رۆژئاوای کوردستانە، لە دەستووری سووریادا باس لە زمانی کوردی نەکراوە و بە فەرمیی نەناسێندراوە، بەڵام لەدوای ساڵی 2011 لە رۆژئاوای کوردستان و دوای دروستبوونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بە دەیان سەنتەر و ناوەندی فێربوونى زمانى کوردی کرانەوە، ئەو منداڵ و گەنجانەى کوردیان نەدەزانى فێری نووسین و زمانی کوردی بوون.
ئێستا خوێندن لەسەرەتاییەوە تا دوا قۆناغی زانکۆ بە زمانى کوردی دەخوێنن، ئیدارەى خۆسەر بە زمانى کوردی بڕیارو نووسراوە فەرمییەکانى خۆی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا دەردەکات، بەڵگەنامە فەرمییەکان بە زمانى کوردی تۆمار دەکرێن، میدیا و بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییەکان بە زمانى کوردیین.
لە نوێترین بڕیاریشدا لە رۆژئاوای کوردستان، بڕیار دراوە هەموو دوکان و شوێنە گشتییەکان نووسراوی سەر تابلۆکانیان بە زمانی کوردی بنوسن.
AM:10:10:15/05/2025
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت