کۆڕبەندی ئابووری دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز_

بە چاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ڕۆژانی 18 و 19ـی ئایاری 2025، کۆڕبەندی دێڵفی - سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 

کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی، کۆڕبەندێکی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی و گەشەپێدانی هەرێمایەتی، کەتێیدا تاوتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابووری و دواپێشهاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان. 

کۆڕبەندی دێلفی – سلێمانی، دەستپێشخەرییەکی نوێیە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، کە یەکەمجارە لە شاری سلێمانی دەبەسترێت.

لەکۆڕبەندەکەدا چەندین کەسایەتی عێراق و یۆنان و جیهان و گەورە بازرگانان و خاوەن سەرمایەکانی جیهان بەشداردەبن بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هێنانەکایەی هەماهەنگی لە ناوچەکەدا.

کۆڕبەندەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی دێڵفی دەبێتە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی پێشەنگ بۆ داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی بازرگانی و هاوکاری لە ناوچەی فراوانتردا و سلێمانیش پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ساتێکدا کە هەماهەنگیی جیهانی لە هەموو کاتێک پێویسترە.


AM:09:22:15/05/2025






ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت