بافڵ تاڵەبانی: چەکدانانی پەکەکە بەشێکی پرۆسەی ئاشتییە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت
وێستگەنیوز-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە".
بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە".
لە پەیامەکەدا دووپاتی کردەوە، تەنیا رێگە بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە.
سەرۆکی یەکێتی وتیشی، "هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
PM:06:35:12/05/2025
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت