یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی یەک لیستی و پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا


وێستگەنیوز-

ئەمرۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، سەرەتا ئەمینداری گشتی تیشكی خستەسەر بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكەو گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی باسكرد.

ئاماژە بەوەکراوە، لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گوێگیرا لە راپۆرتی لیژنەی راسپێردرا و بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، دوای گفتوگۆكردن بریاردرا كە لیژنەكە بەردەوامبێت لە هەوڵ و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەتەكەو دروستكردنی لیستێكی فراوان بۆ هەڵبژاردنەكە، هەروەها كۆبوونەوە جەختیكردەوە لەسەر گرنگی سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانیەتیە لەپێناو هێنانەدی گۆڕانكاری ئیجابی لە هەرێمی كوردستان.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەتەوەرێكی تردا، مەكتەبی سیاسی پێشوازیكرد لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەی 12ی پەكەكە و وازهێنانی لە خەباتی چەكداری و بەشداریكردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە توركیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، بەهەمان شێوە مەكتەبی سیاسی جەختی كردەوە لەئامادەیی یەكگرتوو بۆ درێژەدان بە رۆڵی ئاشتیخوازی لەو بوارەدا.

هەروەها كۆبوونەوە جەختیكردەوە، لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ئەوهەڵبژاردنە تا ئێستا بەكارنەبوەو و پەكخراوە.

كۆبوونەوەكە نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامبونی دیاردەی دواكەوتنی مووچە، كە بەداخەوە تائێستا مانگی 12ی ساڵی پارو مانگی 4ی ئەمساڵ دابەش نەكراوە، مەكتەبی سیاسی داوادەكات هەرچی زووترە ئەو موچانە دابەش بكرێن.


PM:05:45:12/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو