کاروان یاروەیس بۆ وێستگەنیوز: دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ تورکیا کە لەشکرکێشی بکات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەو بڕیارەی پەکەکە هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ تورکیا کە لەشکرکێشی بکات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق پێشێلبکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە چەند ساڵی رابردوو کە سوپای تورکیا لەشکرکێشی کردووە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکی عێراقی بەزاندووە بیانووەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە کە بە قوڵایی زیاتر لە 40 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێم".
لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاماژەی بەوەکرد، "پەکەکە ئەمڕۆ وەک دەستپێشخەرییەک و وەک جێبەجێکردنی قۆناغێک لە قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هاتنی خەباتی چەکداری دا، بەمەش هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ تورکیا کە لەشکرکێشی بکات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق پێشێلبکات، بۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا هێزەکانی بکشێنێتەوە و بنکە و بارەگاکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکرد، "بابەتی سنوور لە عێراق بابەتی سەروەرییە پاسەوانی سنوور کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی عێراقی هەیە هێزێکی فیدراڵییە و سەرتاسەرییە، بۆیە لە عێراقدا سەروەری عێراق لە زەوی و ئاسمان دەبێت عێراق خۆی بیپارێزێت".
کاروان یاروەیس وتی، "بڕیاری تورکیا بۆ کشانەوەی هێزەکانی رێزگرتنە لە سەرەوەری عێراق و پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو دەوڵەت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها نیاز پاکییەک دەبێت لەوەی هەم عێراق وەک دەوڵەتێکی گرنگی ناوچەکە بە ناڕاستەوخۆ رۆڵی دەبێت لە پرۆسەی ئاشتی، هەم هەرێمی کوردستان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە".
لەبارەی هەڵگرتنی سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کاروان یاروەیس دەڵێت، "لە قۆناغی داهاتوو لە راستیدا دەبێت تورکیا سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەڵبگرێت و دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ یەکیتی و سلێمانی ئاسایی بکاتەوە".
وتیشی، "یەکێتی هێزێکی کاریگەر و سەرەکییە لە کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەوەی مام جەلال دەستپێشخەر بووە و بەردی بناغەی پرۆسەی ئاشتی لە نەوەدەکان سەدەی رابردوو لە تورکیا و باکووری کوردستان داناوە، بۆیە واباشترە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئاسایی ببنەوە، چونکە یەکێتی هەمیشە بڕوای بە خەباتی رێگەچارەی دیموکراسیانە و ئاشتییانە بووە بۆ چارەسەری دۆزی رەوای کورد لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان".
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
PM:03:18:12/05/2025
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت