لاهور شێخ جەنگی: کۆنگرەى پەکەکە و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوەی پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى
وێستگەنیوز-
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لەبارەی ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، "کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەکاتێکدا پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـیەمینى پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم، پێشتر و ئێستاش هانی هەڤاڵانى پەکەکە و دەوڵەتی تورکیامان داوە لەبری شەڕ و خوێنڕشتن بگەڕێنەوە بۆ مێزى دانوستان و بە ئاشتى ئەو ململانێ مێژووییەى لەنێوان هەردوولا دروست بووە چارەسەر بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو، "پەیامەکەى بەڕێز ئۆجالان لە 27ـى شوبات و کۆنگرەکەى ئێستاى پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، نیاز پاکییەکى گەورەى کورد بۆ گەلانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندەدات، دەریدەخات کورد گەلێکى ئاشتیخوازە و لە ئەگەرى هەبوونى کەمترین ئاسۆ بۆ ئاشتى و چارەسەر، هەرگیز بیر لە چەک و شەڕکردن ناکاتەوە".
باسی لەوەشکرد، "لەم پرۆسەیەدا و دواى کۆنگرەکەى پارتى کرێکارانى کوردستان، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئانکەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاراستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد و رێگە نەدەن پرۆسەکە لە هیچ شوێنێکدا تەگەرەى بۆ دروست بێت، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵ و ئیتر بۆ هەمیشە کورد و تورک پێکەوە بە ئاشتى بژین".
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
PM:03:14:12/05/2025
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت