سەرچاوەیەک بۆ وێستگەنیوز: بەشی هەرە زۆری ئەنجومەنی قەزاکانی رەوتی هەڵوێست دژی هاوپەیمانین لەگەڵ نەوەی نوێ


وێستگەنیوز-

کۆبوونەوەی لایەنەکانی ئۆپۆسیزیۆن بەردەوامە بۆ دروستکردنی هاپەیمانێتییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.


هەریەک لە کۆمەڵی دادگەریی و بەرەی گەل و یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ و رەوتی هەڵوێست و بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە و ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئایاری 2025، لە بارەگای رەوتی هەڵوێست کۆبوونەوە لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە د. رێبوار کەریم، وتەبێژی رەوتی هەڵوێست لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لێکتێگەیشتینی باش هەیە، بەڵام پێویستمان بە کۆبوونەوەی دیکە هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".

لەبارەی کۆتایی هاتنی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتەبێژی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەکرد، "تا کاتی یاسایی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی فریادەکەوین".

بەڵام سەرچاوەیەکی تایبەت لە رەوتی هەڵوێست بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەشی هەرە زۆری ئەنجومەنی قەزاکانی رەوتی هەڵوێست دژی هاوپەیمانین لەگەڵ نەوەی نوێ".

دوێنێ شەممە لایەنەکانی ئۆپۆسیزیۆن لە بارەگای یەکگرتوو کۆبوونەوە و ئەمڕۆش لەبارەگای هەڵوێست، هەروەها بڕیارە سبەینێ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، جارێکی دیکە ئەو حزبانە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

بڕیارە لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.


PM:12:52:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو