میكانیزمی سكاڵا و دادگاییكردنی رۆژنامەنووسان دیاریكرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئایاری 2025، کاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سەردانی دادگای سلێمانی كرد لەگەڵ حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و حاكم سامان جەمال، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 و حاكم هاوڕێ لەتیف تەها، دادوەری دادگای كەتنی سلێمانی/6 کۆبوونەوە.


لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بڵاویکردەوە، "ئەم كۆبوونەوە بەمەبەستی شێوازی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2722 لە رۆژی 13/3/2025بوو كە دوو دادگا لە شاری سلێمانی تایبەتمەندكران بۆ سكاڵا و كەیسەكانی رۆژنامەنووسان لە چوارچێوەی پیادەكردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 بۆ ئەم كەیسانە".

ئاماژە بەوەکراوە، "بە خۆشحاڵییەوە سەرۆكی دادگای سلێمانی و هەردوو دادوەر لە دادگاكانی لێكۆڵینەوەی 1 و كەتنی 6 تێگەیشتنی تەواو و بۆچوونیان هەمان بۆچوونی میدیاكاران و سەندیكای رۆژنامەنووسان بوو سەبارەت بەو كەیسانەی میدیایین و جیاكردنەوەیان لەو بابەتانەی بەناوی میدیاوە دەكرێن".

جەخت كرایەوە كە لە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی ناوبراوەوە، لەدادگاكانی سلێمانی كار بەم بڕیارە دەكرێت، هاوكات باس لە ناساندنی رۆژنامەنووس لەبەردەم دادگادا كرا ئایا كێ رۆژنامەنووسە؟.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میكانیزمی بانگهێشتكردنی میدیاكاران كرا بۆ بەردەم دادگا بەپێی برَگەو ماددەكانی یاسای رۆژنامەوانی، تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندوە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سكرتێری لقی سلێمانی سەرباری بوونی نوێنەرانی یاسایی باسی لە دامەزراندنی بۆردێكی پارێزەران كرد بۆ بەرگریكردن لە میدیاكارانی سنووری ناوچەكە، بەخۆشحاڵیەوە دادگا لاری نەبوونی خۆی پیشاندا بۆ ئەم داواكارییەو بڕیاریدا كاری بۆردەكە بخرێتە خانەی داواكاری ئینتیدابەوە، ئەمەش كارئاسانی و رێگەخۆشكەرە بۆ بۆردی پارێزەران".


PM:12:29:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت