رێکخراوی CPT ئەمریکی: سوپای تورکیا لە مانگی رابردوودا 210 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە


وێستگەنیوز-

تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە لە مانگی نیساندا لە هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025، رێکخراوی CPT ئەمریکی رایگەیاند، "زیاتر لە دوو مانگ تپەڕیوە بەسەر بانگەوازی ئاشتی رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی حزبەکەی، بەڵام هێشتا هێرشەکانی سوپای تورکیا لە زیادبووندایە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بە رێژەی لە %78 زیادیانکردووە بەراورد بە مانگی ئادار".

ئاماژە بەوەکراوە، "سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا 210 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و %92ی هێرشەکانیش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک بوون".

هەر بەپێی راپۆرتەکە بێت، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە لایەنی کەمەوە سوپای تورکیا 616 بۆردوومان و هێرشی هێلیکۆپتەر کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها 9 هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە ئەمساڵ بوونەتە قوربانی بە جۆرێک سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و شەشی دیکەش برینداربوون".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "پەکەکە بە لایەنی کەمەوە پێنج هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە چیای مەتینا و دوو هێرشیشی کردووەتە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە لوتکەی گرێ داڤا لە سنووری قەزای ئامێدی لە ئەنجامدا چوار پێشمەرگە برینداربوون".


PM:11:08:10/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت