هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق سەری نەگرت
وێستگەنیوز-
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەو هەوڵانەی لەئارادابوون کە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی، بە یەک لیست بەشداربن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەری نەگرت".
سەرچاوەکە وتی، "بەپێی تەکنیکی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئایندەی عێراق، یەکێتی یەک لیستی لەگەڵ پارتی لە بەرژەوەندیدا نییە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "یەکێتی بە پارتی راگەیاندووە کە بەشدارییان لەگەڵدا ناکەن بە یەک لیست و ئەو مەلەفەیان داخستووە".
لە سەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، دەنگۆی بەشداریکردنی پارتی و یەکێتی بەیەک لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوبووەوە، هەندێک جاریش لەزاری سەرکردایەتی هەردوولاوە دەبیسترا، بەڵام سەرچاوەکەی وێستگەنیوز، رایگەیاند، "کە ئەو بابەتە لەلایەن یەکێتییەوە داخراو بەفەڕمیش بە پارتییان وتووە".
ئەمە لە کاتێکدایە، هەردوو حزب چەند کۆبوونەوەیەکیان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
بڕیارە لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.
PM:10:28:10/05/2025
ئهم بابهته 1584
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت