هه‌ردی سه‌ڵاح: ده‌بێ ئیتر واز بهێنین له‌و سیستمه خوێندن و په‌روه‌رده كلاسیكییه
وێستگه‌نیوز-
هه‌ردی سه‌ڵاح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانی رایگه‌یاند كه "سیستمی خوێندنمان هه‌ڵه‌یه و له‌بری تێگه‌یشتن، خوێندكاران فێری ده‌رخكردن ده‌كات".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت: "پێویسته تاقیكردنه‌وه له‌خوێندنگاكان نه‌مێنێ، ده‌بێ ئیتر واز بهێنین له‌و سیستمه خوێندن و په‌روه‌رده كلاسیكییه خراپه‌ی كه ته‌نها خوێندكار فێری ده‌رخ كردن ده‌كا نه‌ك تێگه‌یشتن".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "سیستمی ئێستا دڵه‌ڕاوكێ و سترێس و ترس له خوێندكاران‌دا دروست ده‌كات، نه‌ك متمانه به‌خۆبوون و بیری پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "سیسته‌می تاقیكردنه‌وه‌ی مانگانه و نیوه‌ی ساڵ و كۆتایی ساڵ له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌ماوه. له‌جیاتی ئه‌وه، سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رده‌وام به‌كارده‌هێنرێت، كه تیایدا مامۆستایان به درێژایی ساڵ ڕۆژانه له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌و ڕۆژه تاقیكردنه‌وه و كار و چالاكییه‌كانی خوێندكاران هه‌ڵده‌سه‌نگێنن".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "وڵاتێكی وه‌ك فینله‌ندا كه پێشكه‌وتووترین و سه‌ركه‌ووتوترین سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا، چه‌ندان ساڵه سیستمی تاقیكردنه‌وه‌ی مانگانه‌و نیوه‌ی ساڵ و سه‌ری ساڵی نه‌ماوه و سیستمی هه‌ڵسه‌نگاندی رۆژانه كراوه به پێوه‌ر و مامۆستایان رۆژانه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رسه‌ی كه ده‌خوێندرێ و ئه‌رك به خوێندكاران ده‌درێ، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خوێندكاران ده‌كه‌ن".
هه‌ردی سه‌ڵاح راشیگه‌یاندووه كه "هه‌روه‌ها زۆربه‌ی وڵاتانی تریش وه‌ك نه‌رویج، دانمارك سوێد و زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپا و ووڵاتانی تری پێشكه‌ووتوی دنیا ساڵانێكی زۆره تاقیكردنه‌وه‌ی مانگانه و نیوه‌ی ساڵ و سه‌ری ساڵیان نه‌ماوه".
AM:10:34:09/05/2025
ئه‌م بابه‌ته 968
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت