باوکی ریفراندۆم لەسەر لیستەکەی نووری مالیکی خۆی بۆ هەڵبژاردنی عێراق کاندید کردووە


وێستگەنیوز_

دابان ئەحمەد کوردە ناسراو بە 'باوکی ڕیفراندۆم'، لە پارێزگای کەرکوک کاندیدی لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی'ـیە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

دابان ئەحمەد کوردە دەڵێت: "خۆم کاندید کردووە؛ و هەموو ڕێ و شوێنێکی یاساییم تەواو کردووە، لەسەر لیستی برای بەرێز و خۆشەویستم بەرێز سەید نووری مالیکی لە شاری کەرکووک".

دابان ئەحمەد کوردە لە کاتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ناوی کوڕەکەی کرد بە ڕیفراندۆم و بە 'باوکی ڕیفراندۆم' ناسراوە. 

دواتر بەتۆمەتی بردنی پارە دەستگیرکرا و ئەوە بڵاوکرایەوە کە "توانیویەتی بە تەلەفۆن خۆی بە سەرۆکی وەزیرانی پێشووی عێراق مستەفا کازمی بناسێنێت و بڕێکی زۆر پارە لە سەرمایەدارێکی ملیاردێری ناسراوی کوردستان و عێراق وەربگرێت."

دابان ئەحمەد لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، بەرزترین ئاڵای کوردستانی لە شارۆچکەی پردێ دانا. پاشان دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مۆدێل سارا نەدیم کرد.

ماوەیەک بەر لە ئێستاش هەڕەشەی لە دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کرد بەوەی بۆ خولی داهاتوو ڕووبەڕووی دەبێتەوە و لە پۆستی سەرۆک کۆماری لای دەبات و دەبێتە سەرۆکی عێراق.


PM:03:28:07/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 2768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت