لاهور شێخ جەنگی: لەدەستدانی سری سورەیا ئۆندەر خەسارەتێکی گەورەیە


وێستگەنیوز-

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بەخەم و پەژارەیەکی قوڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و پەرلەمانتاری تێکۆشەر سری سورەیا ئۆندەرمان بیست".


ئاماژەی بەوەکرد، "لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو، "کۆچى دوایی ئۆندەر هەڵقوڵاوی ئەو حەقیقەتە مێژوویی و بەرجەستەکراوەیە کە بەرێزیان لەژیانیدا پێی دەناسرایەوە، بەوەی کە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز، عەدالەتگەر و دڵسۆز بەگەلی کورد و تورکیش بوو. خەباتی ئەو لەسەر بنەمای دیموکراسی، چەسپاندنی مافی گەلان، رێزگرتن لە ئیرادە و شکۆی مرۆڤ بونیادنرابوو، هەر بۆیە لەژیانیدا دووچاری تەنگژە و چەرمەسەری و گرتن و زیندانیکردن بویەوە".

باس لەوەشکراوە، "لەم بۆنە ماتەمەدا، وێرای ناردنی پەیامی سەرخۆشی خۆم بۆ خێزان و خانەوادە و هاوڕێباز و تەواوی گەلەکەمان، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەم کە ئەم رووداوە نەک هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لاواز نەکات، بەڵکو مەرگی سری سورەیا ئۆندەر وەک پاڵەوانی ئاشتی بکاتە هەوێنی چەسپاندنی ئارامی و ئاشتییەکی سەرکەوتووی رەگداکووتاو بەئامانجی حەسانەوەی گەلانی کورد و تورک لەناوچەکە".

ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی دەم پارتی- ئیمراڵی، دوای 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.


PM:08:09:03/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت