بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر: گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا


وێستگەنیوز-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی دەم پارتی- ئیمراڵی رایگەیاند، "سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو، لە دڵەوە نیگەرانم بە کۆچی دواییان".

ئاماژەی بەوەکرد، "لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە کۆچی دوایی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی. بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری بەڕێزیان و پارتی دەم و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە خەمی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دان بە دیالۆگ و گفتوگۆ".

ئەوەشی خستەڕوو، "سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو کە لە چەند قۆناغێکدا داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانی گەلەکەمان بوو، هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا".

دەشڵێت، "لە خوای گەورە داواکارین رۆحی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر بۆ هەمیشە شادبێت و ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت".

ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (دەم پارتی) و ئەندامی شاندی دەم پارتی- ئیمراڵی، دوای 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.


PM:06:19:03/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت