وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و مه‌سعود بارزانی‌ كۆبۆوه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆبۆوه‌، بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم و پێویستیی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند پرسێكی‌ تر وتووێژیان له‌باره‌وه‌ كرا.


ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ ژان نوێل بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر، دواتر له‌گه‌ڵ‌ مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبۆوه‌.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبۆوه‌.

له‌ كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ژان نوێل بارۆن، ێچیرڤان بارزانی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا "گفتوگۆیه‌كی فراوان و به‌رهه‌مدارمان" كردووه‌، سوپاسی فه‌ره‌نساشی كرد له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بووه‌.
 
نێچیرڤان بارزانی وتی‌: "دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی مێژوویی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین".
 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ به‌هێزكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش و هاریكاریی ئابووری و كولتووری و بواره‌كانی دیكه‌یش".
 

وتیشی: "سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فه‌ره‌نسا و جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامیان له‌ عێراق و گه‌لی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، چاومان له‌ هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانمان هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تكردنی ئاشتی و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ ناوچه‌كه‌".

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند کە ئەم سەردانەی بۆ هەولێر نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی فەرەنسایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.


لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وتی: "هانتان دەدەین بەزووترین كات حكومەت پێكبهێنن و پاشەڕۆژی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت".



كاتێكی‌ پێشتری ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی نیسانی 2025 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له‌ ژان نوێل بارۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كرد.

باره‌گای‌ بارزانی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ دیدارەكەدا كە پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی بارزانی كرد بۆ پێشوازی و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا، بارزانیی وەك ئەندازیاری ئەو دۆستایەتییە وەسفكرد. لای خۆیەوە سەرۆكی‌ پارتی‌ سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هەمیشە لە كاتی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌و دیداره‌دا بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم و پێویستیی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ زووترین كات خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ و، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌روه‌ها بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و سوریا كرا".

په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی سوریا و داهاتووی كورد له‌و وڵاته‌ جه‌خت له‌ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ گفتوگۆ و نێوه‌ندگیری و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی سوریا كرایه‌وه‌ و "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی مه‌سعود بارزانی له‌ یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان و له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی سوریا هه‌بوو".

له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتیی توركیا، بارزانی هه‌نگاو و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ له‌ توركیای به‌رز نرخاند و ڕاشیگه‌یاند كه‌ "هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ ئاماده‌ و پشتیوانی هه‌موو هه‌وڵێكه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا بگه‌یێنێته‌ ئه‌نجام".

باره‌گای‌ بارزانی‌ راشیگه‌یاند كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا به‌ فه‌رمی بانگهێشتی بارزانیی كرد بۆ سه‌ردانی بۆ شاری پاریس و ئاماده‌بوون له‌ مه‌راسیمی په‌رده‌لادان له‌و شوێنه‌ی كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌ قوربانیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستان له‌ یه‌كێك له‌ پاركه‌كانی پاریس ده‌كرێته‌وه‌".


PM:11:36:23/04/2025
















ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت