هۆکاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە یاریی نێوان زاخۆ و نەورۆز


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لە سلێمانی میوانداری یانەی زاخۆی کرد، لە خولەکەکانی کۆتایی شەڕ و گرژیی لەنێوان هاندەران و بەشێک لە یاریزانان دروست بوو.

ئەنەس جەمال، یەکێک لە هاندەرانی یانەی نەورۆز کە ئامادەبووی یارییەکە بوو بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە کاتی بەرێوەچوونی یارییەکەدا، یانەی زاخۆ گۆڵێکی تۆمارکردووە بەڵام بە هۆکاری بوونی ئۆفساید، داوەری یارییەکە گۆڵەکەی هەژمار نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر هاندەرانی یانەی زاخۆ هێرشیان کردووەتە سەر داوەری یارییەکە و دەبەی ئاویان تێگرتووە. لەو کاتەدا، پاسەوان و پارێزەرانی یاریگاکە، هەوڵی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەیان داوە، بەڵام هاندەرانی زاخۆ هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانەکان و دواتر گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە و هاندەرانی یانەی نەورۆز بەرپەرچی هاندەرانی زاخۆیان داوەتەوە و یارییەکە وەستێنراوە.  

هاندەرێکی دیکە بە وێستگەنیوزی وت: هاندەرانی زاخۆ لە ئێستادا لەناو یاریگادا ماونەتەوە چونکە بەشێکی زۆری هاندەرانی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگا وەستاون و دەیانەوێت هێرشبکەنە سەریان. هاوکات، هێزە ئەمنییەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولەکەدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر زاخۆ یاریی دەکات و دەیەوێت دوو یەکسانبوونی رابردووی قەرەبوو بکاتەوە و تیپەکەی بەبردنەوە شادبکاتەوە، بە تایبەت کە هاندەران لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە رازی نەبوون.

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەک، لە کاتی گرژی و شەڕەکەدا چەند کەسێک بریندار بوون و تیمەکانی تەندروستی هەوڵی چارەسەر کردنیان داون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
زاخۆ دوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە، هاندەرانی ناڕازی و تووڕەن، چاویان لەوەیە یانەکە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باشتر لە دوو یاریی رابردوو هەبێت.


PM:10:38:22/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت