بافڵ تاڵەبانی بۆ رۆژنامەنووسان: کاری لە پێشینەتان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزهرى بهرژهوهنديی خەڵک
وێستگەنیوز-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن".
ئاماژەی بەوەکرد، "وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین".
سەرۆکی یەکێتی وتی، "لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايهنه پهيوهنديدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كهيسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن".
وتیشی، "داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزهرى بهرژهوهنديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن".
AM:11:13:22/04/2025
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت