نێچیرڤان بارزانی: به‌رده‌وام ده‌بين له‌ كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەنووسان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی بڵاوکردەوە.


لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم هاتووە، "یادی 127ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه‌، هه‌روه‌ها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ هەموو رۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكه‌وتنى زياتر و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم".

ئاماژەی بەوەکرد، "لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده‌، ده‌كه‌ينه‌وه‌. به‌رده‌وام ده‌بين له‌ كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت".

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "باوەڕمان وایە رۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه‌ له‌م ياده‌دا وه‌ك هه‌ميشه‌ ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و راستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له‌ پته‌وكردنى كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، بگێڕن".

دەشڵێت، "لەم رۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی رۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی راستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی رادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سوود لە راپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و رۆژنامه‌وانى له‌ وڵاته‌كه‌مان".


AM:09:46:22/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو