مەسرور بارزانی: لە یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا پابەندبوونی حکومەت بە ئازادیی بیروڕا و کاری راگەیاندن دووپاتدەکەینەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 'لە یادی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

ئاماژە بەوەکراوە، "لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ راگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی رۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر ، پەیام و کاری راگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن".

ئەوەشی وت، "هیوادارم رۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی راست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان".

لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانی هاتووە، "رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم".


AM:09:13:22/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو