رێکخراوی چمک: لە رووی چۆنایەتییەوە پاشەکشێییەکی گەورە بەسەر پەیامی میدیایی و رۆژنامەگەرییدا هاتووە
وێستگەنیوز-
رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) رایگەیاند، "لە 127ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا؛ پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم ڕۆژنامەوانانی کورد لە باکوور، باشوور، خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی کوردستان دەکەین. هیوادارین ئەم یادە ببێت بە هەوێنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەخۆداچوونەوە و چاکسازیی لە ناوەڕۆکی پەیامی میدیایی و تێپەڕاندنی دۆخی ڕاگوزەری پاشاگەردانیی و پشێویی میدیایی کە وایکردووە بەشێکی دیاری میدیا لە دەستی میدیاکاراندا نەمێنێت و کەسانی دیکە ئاڕاستەی بکەن".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئەگەرچی لە ڕووی چەندێتییەوە؛ گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر تەکنیکی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی میدیای کوردیی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا هاتووە، بەڵام لە رووی چۆنایەتییەوە پاشەکشێیەکی گەورە بەسەر پەیامی میدیایی و ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییدا هاتووە. ئەوەیش وایکردووە لە ڕووی یاساییەوە؛ ناوەڕۆکی میدیایی لە نێوان فرەیاسایی و بۆشایی یاساییدا پاشەکشێ بکات و جۆرێک لە پەرتەوازەیی و سەرلێشێوان بۆ بڕیاری دادگە و دادوەران درووستبکات. ئەوانیش زۆرجار بە مەبەست بێت یان بێمەبەست؛ لە بری پەنابردن بۆ یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان لە نموونەی یاسای ڕێکخستنی ڕۆژنامەگەریی، ژمارە 35ی ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی، ژمارە 11ی ساڵی 2013، کار بە یاسای سزاکانی عێڕاق، ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەکەن کە سزای قورس و تاقەتپڕوکێنی بۆ تاوانەکانی ڕاگەیاندن تێدایە. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگە پەیوەندییدارەکانی؛ وەک پێویست کار بە یاسا و ڕێنماییەکان ناکەن و پێشلکاریی بەرامبەر بە مافی ڕۆژنامەوانان دەکەن. سەرباری ئەوەیش ڕۆژنامەوانان و دەزگەکانیان لە پڕۆژە و پلان و پڕۆگرامی ناپیشەیی بێبەریی نین و زۆرجار پێشێلی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن و بنەماکانی یاسا بەرکارەکان دەکەن".
رێکخراوەکە دەشڵێت، "لەو سۆنگەیەوە؛ گرنگە هەریەک لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکانی میدیای چاپکراو، پەخشکراو، دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەنگاو بنێن و جۆرێک لە پەیوەندیی هاوبەرپرسیارێتیی لەنێوان دەستەڵات و میدیا لە هەرێمی کوردستاندا بهێننەئارا".
AM:08:32:22/04/2025
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت