جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی: عێراق زوڵمێكی تر له هێزی پێشمه‌رگه ده‌كات
مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه عێراق زوڵمێكی تر له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات.
مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ڕۆژی 19ی نیسانی 2025، به ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سێزده‌هه‌مین پێشانگای ئاسایش و به‌رگری و پیشه‌سازیی جه‌نگی و ئاسایشی سیبرانی له عێراق كرایه‌وه و تێیدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و چه‌ك و تۆپ و درۆنانه نمایش كران كه له لایه‌ن ده‌سته‌ی پیشه‌سازیی جه‌نگیی عێراقییه‌وه به‌رهه‌م هێندراون".
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی نووسیویه‌تی: "به‌پێی بڕگه‌ی دوو له مادده‌ی دوو له یاسای ده‌سته‌ی پیشه‌سازیی جه‌نگی ژماره 25ی ساڵی 2019، پێویسته به‌رهه‌مه‌كانی پیشه‌سازیی جه‌نگی عێراقی بۆ به‌هێزكردنی سه‌رجه‌م هێزه یاساییه‌كانی عێراق به‌كار بهێندرێن و به ده‌قیش ناوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هێندراوه. له‌م ڕووه‌شه‌وه ساڵانه پاره‌یه‌كی ئێجگار زۆری عێراق به ناوی ئه‌و ده‌سته‌یه و به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه خه‌رج ده‌كرێت".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی كه هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی عێراقه ده‌ڵێت: "به گوێره‌ی به‌دواداچوونمان، هه‌موو هێزه‌كانی عێراق به سوپا و پۆلیس و گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش سوود له‌و به‌رهه‌مانه وه‌رده‌گرن و هه‌ندێكجار به‌و به‌رهه‌مانه‌شه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی گشتیی ده‌وڵه‌ت چالاكی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت كێشه‌ی ئیقلیمیشی پێ ده‌نێنه‌وه!".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه، هیچ به‌رهه‌مێكی پیشه‌سازیی جه‌نگیی عێراقی پێشكه‌ش به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان ناكرێت و وه‌ك ئه‌وه مامه‌ڵه ده‌كرێت كه هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان هێزی عێراقی نه‌بن".
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "جگه له‌مانه، به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له مادده‌ی 9 له هه‌مان یاسا، پێویسته ده‌سته‌ی پیشه‌سازیی جه‌نگیی عێراقی لێژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت به ناوی (لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیی پیشه‌سازیی جه‌نگی - (لجنه تنسیق التصنیع الحربی) كه یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و لێژنه‌یه، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بێت، به‌ڵام جێی سه‌رسوڕمانه تاوه‌كو ئێستا لێژنه‌كه دروست نه‌كراوه یانیش هیچ نوێنه‌رێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی تێدا دانه‌نراوه".
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه جیاكارییه‌كی گه‌وره‌یه و زوڵمێكی دیكه‌یه له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كرێت و به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه عێراق نایه‌وێت تواناكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه پێشبخات، هه‌رچه‌نده هێزی پێشمه‌رگه و ته‌واوی هێزه‌كانی كوردستان به‌بێ ئه‌و چه‌كانه‌ش، زۆر له هێزه عێراقییه‌كان به‌هێزتر و پێشكه‌وتووترن".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی داواش له حكومه‌تی فیدڕاڵی ده‌كات كه "به‌پێی یاسا، وه‌ك چۆن سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق پشكدار ده‌كات له به‌رهه‌مه‌كانی ده‌سته‌ی پیشه‌سازیی جه‌نگی، به هه‌مان شێوه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش پشكی شایسته‌ی خۆیان له‌م ڕووه‌وه پێ بدرێت".
PM:09:43:21/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 272
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت