لە رووبەڕووبوونەوەیەکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ گروپێکی مادەی هۆشبەر بازرگانێک کوژرا


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە رووبەرووبونەوە یەکدا دەستیانگرت بەسەر شەش کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەش بازرگانێکی مادەی هۆشبەر کوژرا.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، "بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، شەوی 2025/4/17 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی (پشدەر/کورتەک) دوای ئەوەی هێزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەردابوون کە دانیشتوی قەزای کەڵەک-بەردەڕەشن، بەڵام تۆمەتباران ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، سەرئەنجام تۆمەتبارێکیان بە چەک رووبەروی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە دواتر بە ئۆتۆمبێل هەوڵی هەڵهاتن دەدات لە ئەنجامی رووبەروبونەوەکە یەکێک لە بازرگانان بریندار دەبێت و بە زووترین کات دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە پاش پشکنینە تەندروستییەکان و دەستگرتن بەسەر ئامرازێکی کێشانی مادەی هۆشبەر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دەرکەوت ئەم بازرگانە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردابووە، لەپاش ئەنجام دانی نەشتەرگەری گیان لەدەستدەدات".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە ماوەی رابردوودا هەردوو بازرگان و گوازەرەوەی مادەی هۆشبەر بەناوەکانی(ق،ع،ع) تەمەن (40) ساڵ و (ئ،ح،ع)تەمەن (34) ساڵ، لە نێوان تۆڕەکانی بازرگانی مادەی هۆشبەر و شارەکانی دهۆک، هەولێر، سۆران، زاخۆ کاری گواستنەوە و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان کردووە چەند جارێکیش ترانزێتی مادەی هۆشبەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردووە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەئێستادا یەکێک لە تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە".


PM:11:18:18/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت