کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانی دیاری کرد


وێستگەنیوز_

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانی دیاری کرد، کە 26ـی ئەم مانگە دەبێت لە شاری سلێمانی.
 
نووسراوەکەی کۆمیسیۆن رۆژی 16ـی 4ـی 2025 بە ژمارە 1055 و واژۆی هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی دەرچووە و ئاراستەی نوسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆن کراوە. لە سلێمانیش کۆمیسیۆن ئەمڕۆ 17ـی نیسان بە فەرمی ئاراستە بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، کۆمیسیۆن نووسراوەکەی بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ناردووە، بەڵام نوێنەری گۆڕان لە کۆمیسیۆن، ئێستا لەو بەشەی گۆڕانە کە بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتە.
 
هەردوو باڵەکەی گۆڕان پێشتر کاتی کۆنفرانسیان دیاری کرد؛ باڵی گردەکە بەبێ کۆمیسیۆن کۆنفرانسێکی بەست و باڵەکەی دیکە دوایانخست بۆ ئەو رۆژەی کۆمیسیۆن دیاری دەکات.
  
بەرپرسێک لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا لە گردی زەرگەتەن، رایگەیاندووە: "نووسراوەکە تایبەتە بە گۆڕان، ئێمە دەچینە کۆنفرانس بەگوێرەی ئەوەی کۆمیسیۆن دیاری کردووە؛ ئێمە و ئەوانیش پەیڕەو و کاری خۆمان دەخەینەڕوو، کێ زۆرینە بوو پیرۆزی بێت".
 
دەوترێت، "ئەو ناوانەی کۆمیسیۆن دیاریکردوون بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانس، ئێستا بەشێکیان لای گەڕەکی کوردساتن، بەشێکی دیکە لە گردی زەرگەتەن. هەروەها بەشێکیان دەستبەرداری کاری سیاسیی بوون و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکەوە."
 
هەتا ئێستا باڵی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، بە پاساوی ئاگادارنەبوون و نەگەیشتنی نووسراوەکە، ئامادەنەبوون باس لە بەشداربوون یان بەشدارنەبوونیان لە کۆنفرانسەکەدا بخەنەڕوو.
 
05ی ئەم مانگە، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتییان کرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایانگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".
 
هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن، نووسراوی کۆمیسیۆنیان هەیە. باڵی کوردسات دەڵێت، بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27ـی 3ـی 2025 دەرچووە، ئاگادارکرابوونەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن و دواتر دواخراوە.
 
پێشتریش باڵی گردی زەرگەتەی حیزبەکە رایگەیاندبوو، 20ـی 2ـی 2025 فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە نووسراوی ژمارە 207 داوای لێکردوون وەک گۆڕان لە گردەکە و لە 05ـی نیسان کۆنفرانس بکەن. هەرچەندە لەو رۆژە کۆنفراس کرا، بەڵام بەرپرسانی کۆمیسیۆن بەشدارییان نەکرد.


PM:02:33:17/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو